رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند خوسرەو ماملێ، کوڕە گەورەی محەممەد ماملێ، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی (مانگەشەو) بڵاوکردەوە، کە لە 10 گۆرانی پێکهاتووە.
خوسرەو ماملێ بە رووداوی راگەیاند؛ ئاوازی سەرجەم گۆرانییەکانی نێو ئەلبوومەکە لەلایەن خۆیەوە دانراون و جەمال عەزیزی کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ ئەنجامداون.
ئەلبوومەکە لەم گۆرانییانە پێکهاتووە: (سەبری)، (ئێوارەی رۆژی جومعە)، (مەڕۆ جێم مەهێڵە)، (مانگەشەو)، (بەفری قەندیل)، (من بێوەفا نیم)، (رێژنەی بارانێ)، (ئەسمەر)، (نەمدەزانی) و (دەمەکە جوانێ).
سەبارەت بە هۆنراوەی گۆرانییەکانیش، خوسرەو ماملێ ئاماژەی بەوە کرد کە گۆرانیی (مانگەشەو) لە هۆنراوەی هێمن موکریانییە و گۆرانیی (من بێوەفا نیم) لە هۆنراوەی حەسەن دانیشفەرە، تەواوی گۆرانییەکانی دیکەی ئەلبوومەکە؛ لە هۆنراوەی کارۆ خزریین.
(مانگەشەو) وەک ئەلبوومی 2026ـی هونەرمەند هەژمار دەکرێت و لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێوە لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوب بڵاوکردەوە.
خوسرەو ماملێ ساڵانێکی زۆرە لە ئەورووپا نیشتەجێیە و درێژەپێدەری کاروانە هونەرییەکەی بنەماڵەی ماملێیە، ئێستا بە سەردانێک لە باشووری کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ