رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند عەسکەر سۆهرابی، هۆرەچڕی ناسراوی کرماشان دوێنێ لە کرماشان کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ لە گوندی ونەرەنگینە، لە ناوچەی کۆزەرانی کرماشان بەخاکسپێردرا.
هونەرمەند عەسکەر سۆهرابی لە ناسراوترین هۆرەچڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، هونەرمەندانی کرماشان و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان، کۆچی دوایی عەسکەر سۆهرابی بە خەسارێکی گەورە بۆ هونەری کوردی دەزانن لەو ناوچەیە.
هۆرە کە لە هەندێک ناوچە بە هوورەش ناوی دەهێندرێت، ئاهەنگەکەی لەگەڵ خۆیدایە و هیچ مۆسیقایەکی لەگەڵ بەکارناهێندرێت. هۆرە چەندین جۆر مەقامی هەیە و بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون، سەرەتا جۆرە ئاواز و گۆرانییەک بووە بۆ دەربڕینی هۆگری مرۆڤ بە سرووشت، بەڵام دواتر لە رێوڕەسمە ئایینییەکانیشدا گوتراوە.
نیعمەت زەحمەتکێش، لێکۆڵینڤان و نووسەر پێشتر لەبارەی مێژووی هۆرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، هۆرە مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە دەقە کۆنەکانی ئایینی یارساندا کە ریشەیان بۆ هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە، بە گرنگییەوە ئاماژەی پێکراوە.
بە گوتەی نیعمەت زەحمەتکێش، هۆرە و هۆرەچڕەکان رۆڵی گەورەیان لە پاراستنی زمان و کولتوور و فۆلکلۆری کوردی هەبووە لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ