بە بەشداری نزیکەی 450 کەسایەتی رێوڕەسمی مێت گالا بەڕێوەچوو

06-05-2025
پەسار فایەق
 دیانا رۆس، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی لە مێت گالا. وێنە: AFP
دیانا رۆس، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی لە مێت گالا. وێنە: AFP
نیشانەکردن مێت گالا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداری نزیکەی 450 کەسایەتی، رێوڕەسمی مێت گالا لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و جوانترین و سەرنجڕاکێشترین دیزاینەکانی جلوبەرگ خرانەڕوو، لە خولی ئەمساڵدا سەرنج لەسەر دیزاینەرە رەش پێستەکان بوو.
 
رێوڕەسمەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، بە گۆرانیی "Ain't No Mountain High Enough" لە مۆزەخانەی هونەریی میترۆپۆلیتان دەستیپێکرد و لەلایەن کۆراڵێکی پیاوانەوە؛ بەناوی "Silk and Sound" پێشکێشکرا. 
 
ئامادەبووانی سەر فەرشی شینی رێوڕەسمەکە، کەسایەتی هونەری، وەرزشی، فاشن و بواری تەکنەلۆژیا بوون.
 
یەکەم مێت گالایە سەرنج لەسەر دیزاینەرە رەش پێستەکان بێت، هەروەها یەکەم خولە لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا، لەبارەی جلوبەرگی پیاوانەوە بێت. بۆیە بەشێک لە ژنانیش بە ستایلی جلوبەرگی پیاوانە دەرکەوتن و سیگاریان بەدەستەوە بوو، لەوانەش مادۆنا، گۆرانیبێژی ئەمریکی.
 
مێت گالا، جگە لەوەی یەکێک لە گرنگترین چالاکییەکانی بواری فاشنە، لە هەمانکاتتدا مۆزەخانەی هونەریی میترۆپۆلیتان بەشی گەورەی بودجەی ساڵانەی خۆی لە رێگەی بەخشینی کەسایەتییەکانەوە لەو چالاکییەدا کۆدەکاتەوە.
 
جۆرجینا رۆدرێگز، مۆدێلی ئەرجەنتینی – ئیسپانی، یەکێک لە ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە بوو و جلێکی رەش پۆشیبوو. ریانا، گۆرانیبێژی جیهانیش بە هەمان شێوە جلێکی رەشی پۆشیبوو و کڵاوێکی گەورەی لەسەر کردبوو.
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، ئێدریان برۆدی، دمی مۆڕ، دوا لیپا، کایلی جێنەر، نیکی میناج، جیجی حەدید، نیکۆڵ کیدمان، شاکیرا، پریانکا چۆپرا، مایلی سایرس و زندێیا ئامادەبوون. 
 
مێت گالا بۆ یەکەمجار لە 1948 بەڕێوەچوو و دوای 70 ساڵ، بوو بە یەکێک لە گرنگترین رووداوەکانی بواری فاشن و کۆکردنەوەی هاوکاری. لە 2023 نزیکەی 22 ملیۆن دۆلار و لە 2022 نزیکەی 17 ملیۆن دۆلار بۆ مۆزەخانەکە کۆکرایەوە.
 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە