وێنەیەکی نوێی عادل ئیمام کۆتایی بە دەنگۆکان دێنێت

06-07-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رامی ئیمامی کوڕی عادل ئیمام، وێنەیەکی خێزانیی بڵاوکردووەتەوە و باوکی لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کە لە ئاهەنگی هاوژینیی نەوەکەیدا گیراوە. بەمەش کۆتایی بە پڕوپاگەندەی ناجێگیریی باری تەندروستیی ئەو هونەرمەندە هێنا.
 
دوای ماوەیەکی زۆر لە دابڕان و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جیاواز لەبارەی باری تەندروستیی عادل ئیمام، ئەکتەری ناسراوی میسری، جارێکی دیکە لە بۆنەیەکی خێزانیدا دەرکەوتەوە. 
 
وێنەکە بەبۆنەی ئاهەنگی هاوژینیی عادل رامی ئیمام، لەگەڵ فەریدە ئەشرەف گیراوە. هەرچەندە وێنەکە لە شەوی مارەبڕیندا تۆمار کرابوو، بەڵام رامی ئیمام رۆژی هەینی 4ـی تەممووزی 2025 وێنەکەی بڵاوکردەوە، لە هەمان رۆژی ئاهەنگی هاوژینییانەوە لە قاهیرە وێنە بڵاوکراوەتەوە.
 
بڵاوبوونەوەی وێنەکە کاردانەوەیەکی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە. هەوادارانی عادل ئیمام دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی کە بە تەندروستییەکی باشەوە دەبینن.
 
دەرکەوتنی عادل ئیمام لە کاتێکدایە کە ماوەیەکی زۆرە لە چاوی میدیا و کاری هونەری دوورکەوتووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین دەنگۆ لەبارەی ناجێگیریی باری تەندروستییەوە، تەنانەت هەندێک جار پڕوپاگەندەی مردنیشی بڵاوکراوەتەوە.
 
بەم دواییە چەندین وێنەیەکی دروستکراوی لە رێگەی ژیریی دەستکرد بڵاوکرانەوە، کە لەگەڵ هونەرمەندان و بە شەو لە نێو شەقامە گشتییەکاندا دەردەکەوت.
 
ماڵباتی ئەو هونەرمەندە چەندین جار وەڵامی ئەو دەنگۆیانەیان داوەتەوە کە باری تەندروستیی ناجێگیرە، یاخود مردووە. دوورکەوتنەوەیان لە چاوی میدیا بۆ ئەوە گەڕاندەوە، عادل ئیمام کە بە زەعیم لە نیو هەوادارانیدا دەناسرێت، حەز دەکات لە کۆتایی تەمەنیدا ژیانێکی ئارام لەگەڵ نەوە و ماڵباتەکەیدا بەسەر ببات.
 
عادل ئیمام، لە 17ـی ئایاری 1940 لە میسر لەدایکبووە، یەکێک لە بەناوبانگترین ئەکتەرەکان و خاوەن زۆرترین جەماوەرە لەسەر ئاستی میسر و وڵاتانی عەرەبی، هەرچەند زیاتر بە رۆڵە کۆمێدییەکانی ناسراوە، بەڵام رۆڵی لە بەرهەمە سیاسی، رۆمانسی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا گێڕاوە.
 
ئیمام، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستی بەکاری هونەری کردووە، لە 126 فیلم، 16 زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، 11 شانۆگەری و یەک زنجیرەی رادیۆیی رۆڵی گێڕاوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە