لەیدی گاگا بەربژێری زۆرترین خەڵاتە و رکابەریی بیۆنسێ و تایلەر سویفت دەکات

06-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن لەیدی گاگا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەیدی گاگا، گۆرانیبێژی ئەمریکی، دوای ماوەیەک دابڕان، بەهێزەوە گەڕایەوە و بەربژێری زۆترین خەڵاتی "ئێم تیڤی میوزیک ڤیدیۆ"ـە بۆ 2025 و توانی پێش تایلەر سویفت بکەوێت کە دوو ساڵی بەسەر یەکەوە هونەرمەندی ژمارە یەکی ئەو رووداوە هونەرییە بوو لە رووی بەربژێربوونەوە.
 
لەیدی گاگا بۆ 12 خەڵات بەربژێرکراوە، لەوانەش: باشترین هاوکاری و کاری هاوبەش، باشترین گۆرانیی پۆپ، باشترین دەرهێنانی هونەری، باشترین وێنەگرتنی سینەمایی، باشترین مۆنتاژ، باشترین مۆنتاژ و باشترین کاریگەرییە بینراوەکان. هەروەها بەربژێری خەڵاتە سەرەکییەکانی گۆرانیی ساڵ، ڤیدیۆی ساڵ، ئەلبوومی ساڵ، و هونەرمەندی ساڵە.
 
لە پۆلێنی "هونەرمەندی ساڵ"ـدا، جگە لە لەیدی گاگا، هەریەک لە بیۆنسێ، تایلەر سویفت، باد بەنی، کێندریک لامار، مۆرگن واڵن و زە ویکێند بەربژێری خەڵاتەکەن. بیۆنسێ و سویفت دوو بەربژێری بەهێزن لەم پۆلێنەدا، چونکە هەردووکیان براوەی 30 خەڵاتی "ئێم تیڤی میوزیک ڤیدیۆ"ـن.
 
لە دوای لیدی گاگا، برۆنۆ مارس بە زۆرترین بەربژێربوون دێت و بۆ 11 خەڵات بەربژێرکراوە، لە دوای ئەویش کێندریک لامار کە بەربژێری 10 خەڵاتە.
 
سابرینا کارپێنتەر و رۆزێی ئەندامی گرووپی کەی پۆپی "بلاکپینک"؛ هەریەکەیان بەربژێری هەشت خەڵاتن، زە ویکێند بۆ حەوت خەڵات و بیڵی ئایڵش شەش خەڵات بەربژێرکراون.
 

بڕیارە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە، لە 7ـی ئەیلوولی 2025 لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەبچێت. ئەمساڵ 33 هونەرمەند بۆ یەکەمجار بەربژێری خەڵاتەکەن.
 
دەنگدانی جەماوەری بۆ بەربژێرەکان لە 19 پۆلێندا بە شێوەی ئۆنلاین دەستیپێکردووە و تا ٥ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، بەڵام دەنگدان بۆ "باشترین هونەرمەندی نوێ" لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە کراوە دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە