رووداو دیجیتاڵ
فەرید ئیلهامی، ژەنیاری ناسراوی ئامێری تەمیرە، وەک هونەرمەندی میوان لە کۆنسێرتێکی هاوبەشدا لە پاریسی فەرەنسا، ئامێری تەمیرە دەژەنێت و نوێترین بەرهەمی پێشكێش دەکات.
فەرید ئیلهامی، لەبارەی بەشداریکردنییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنسێرتەکە رۆژی 23ـی ئابی 2025 بە ناوی "سەفەرێک بۆ دەروون" بەڕێوەدەچێت، ئەو وەک میوانێکی خۆبەخش بە تەمیرەی کوردی و یارسان چەند پارچە میوزیکێک دەژەنێت. گوتیشی، "هاوکات هەردوو هونەرمەندی ئێرانی، حەمەد زاهیری و شایان کەریمی بەشدارن".
ئیلهامی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا دەقی کوردی و دەقی کۆنی یارسان لەگەڵ چەند شیعرێکی مەولانا جەلالەدینی روومی، بە زمانی فارسی دەخوێندرێنەوە.
روونیشیکردەوە، ئامانجی سەرەکیی کۆنسێرتەکە ناساندنی کولتووری رامان و تێگەیشتنە لە مانا و میوزیکە شاراوەکان بە فەرەنسی و نەتەوە جیاوازەکانی دیکە.
فەرید ئیلهامی لە بنەماڵەیەکی ئایینیی یارسانە و نازناوی "پیری" هەیە. خۆی وەک بیستەمین میراتگری میوزیکی یارسان و نەوەی سوڵتان ئیسحاق، دامەزرێنەری ئایینی یارسان لە هەورامان، دەناسێنێت. بە گوتەی خۆی، بنەماڵەکەی ماوەی حەوت سەتەیە میراتگری تەمیرەن کە بە یەکێک لە کۆنترین ئامێرە ژێدارەکانی جیهان دەناسرێت.
فەرید ئیلهامی گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، توێژەر و ژەنیاری ئامێری تەمیرەیە؛ دامەزرێنەری "ماڵی تەمیرە"یە و پێشتر دوو بەڵگەفیلمی بە ناوەکانی "تەنبوور" و "هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان"ـی لەبارەی مێژووی ئەو ئامێرە رەسەنە کوردییە بەرهەمهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ