رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمێکی نوێی میوزیکی بە شێوەی دوێتی کوردی - عەرەبی بەناوی (خەوەر نەیری) بڵاوکرایەوە، کە کارێکی هاوبەشی نێوان فەرید ئیلهامی، هونەرمەندی کورد و مینا دریس، هونەرمەندی عەرەبی ئەهوازی ئێرانە.
ئاوازی گۆرانییەکە، لە فۆلکلۆری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرگیراوە و مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە. حیشمەتوڵڵای لوڕنەژاد، هونەرمەندی ناسراوی کورد، بۆ یەکەمجار ئەو گۆرانییەی گوتووەتەوە.
فەرید ئیلهامی، هونەرمەندی کورد، لەبارەی بەرهەمەکەوە بە رووداوی راگەیاند: "بەردەوام هەوڵی ئەوەم داوە ئاوازی کوردی لەگەڵ ئاوازەکانی دیکەی وەک عەرەبی، فەرەنسی و فارسی ئاوێتە بکەم، بۆ ئەوەی کولتووری خۆمان بە جیهان بناسێنین".
لە بەرهەمی (خەوەر نەیری)ـدا کە ناوێکی ئینگلیزیشی بەناوی (Beyond Love) بۆ دیاریکراوە، فەرید ئیلهامی بەشە کوردییەکەی و مینا دیریس بەشە عەرەبییەکەی دەچڕن. دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن ئەمین حەیدەری کراوە.
ئیلهامی روونیکردەوە، کارکردن لەسەر ئەم بەرهەمە ماوەی سێ ساڵی خایاندووە و لە هەولێر، ئێران و ئەمریکا تۆمارکراوە و کارە هونەرییەکانی بۆ کراوە، ئێستا بە شێوەی دەنگ لە پلاتفۆرمە میوزیکییەکان بەردەستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ