زنجیرەیەکی بەڵگەیی لەبارەی سکۆرسێزی لە فێستیڤاڵی نیویۆرک پێشاندرا

06-10-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن مارتن سکۆرسێزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زنجیرەی بەڵگەیی چاوەڕوانکراوی (بەڕێز سکۆرسێزی - Mr. Scorsese) بەرهەمهێنراوە و باس لە ژیانی مارتن سکۆرسێزی، فیلمسازی ئەمریکی دەکات و لە فێستیڤاڵی فیلمی نیویۆرک پێشاندرا.
 
زنجیرەکە لە پێنج ئەڵقەیە و لە دەرهێنانی ریبێکا میلەرە و قووڵایی بەرهەم و ژیانی سکۆرسێزی شی دەکاتەوە، بەرهەمی ئەپڵ تیڤی پڵەسە و بڕیارە لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2025 لەو پلاتفۆڕمە بڵاوبکرێتەوە.
 
لە رێوڕەسمی پێشاندانەکەدا، چەندین کەسایەتی دیار ئامادەبوون، لەوانە ریبێکا میلەری دەرهێنەر، فرانسیسکا سکۆرسێزی، کچی مارتن سکۆرسێزی. میوانە هەرە دیارەکە، رۆبێرت دی نیرۆ، ئەستێرەی سینەمای هۆڵیوود بوو کە لە چەندین فیلمی بەناوبانگی ئەو دەرهێنەرەدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، دوایین فیلمیش  (Killers of the Flower Moon) بوو کە لە 2023 بڵاوکرایەوە.
 
مارتن سکۆرسێزی، زیاتر لە 50 ساڵە لە بواری فیلمسازیدا کاردەکات، بە یەکێک لە کاریگەرترین و باشترین دەرهێنەرەکانی مێژووی سینەما دەناسرێت. بەرهەمەکانی بەتایبەتی ئەو فیلمانەی کە باس لە ئەزموونی ئیتاڵی-ئەمریکییەکان و گوناهـ و تۆڵەسەندنەوە دەکەن، بوونەتە هێمایەکی ناسراو لە هۆڵیووددا.
 
سکۆرسێزی بەهۆی شێوازە دەرهێنانییە ناوازەکەیەوە ناسراوە، کە بریتییە لە جووڵەی دینامیکی کامێرا، مۆنتاژی خێرا و بەکارهێنانی میوزیکی پۆپ لە بەرهەمەکانیدا. کاریگەرییەکانی لەسەر سینەمای هاوچەرخ زۆر فراوانە، ئەو یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی کە بەشدارییەکی زۆری لە گەشەپێدانی سینەمای مۆدێرندا کردووە.
 
سکۆرسێزی هەشت جار بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین دەرهێنەر بەربژێرکراوە و خاوەنی یەکێکیانە و چەند ساڵێکە چاوی بڕیوەتە ئۆسکارێکی دیکە.
 

63یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نیویۆرک لە 26ـی ئەیلوول تاوەکو 13ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە نیویۆرکی ئەمریکا بەرێوەدەچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە