رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب رایگەیاند، ئەستێرەی هێلین مێرن، بەناوبانگی بەریتانی، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی رێزلێنانی (سیسیل بی. دۆمیل) بۆ ساڵی 2026 هەڵبژێردراوە، کە یەکێکە لە بەرزترین خەڵاتەکانی پیشەسازیی کات بەسەربردن.
ئەم رێزلێنانە لە بەرامبەر کاروانی ناوازە و بەشدارییە بەردەوامەکانیەتی بۆ ماوەی زیاتر لە شەش دەیە لە بواری سینەما، شانۆ و تەلەڤیزیۆندا.
بڕیارە مێرن خەڵاتەکە لە ئاهەنگێکی تەلەڤیزیۆنیی تایبەت و نوێدا بە ناوی (Golden Eve) وەربگرێت، کە شەوی پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، پەخش دەکرێت. ئەم ئاهەنگە لە چوارچێوەی (هەفتەی زێڕی)ـە و ئامادەکارییە بۆ 83یەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب، کە رۆژی یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەدەچێت.
هێلین هۆنە، سەرۆکی گۆڵدن گڵۆب، رایگەیاند: "هێلین میرن هێزێکی هونەریی بێوێنەیە... نمایشە ناوازەکانی و پابەندبوونی قووڵی بە هونەرەوە، بووەتە سەرچاوەیەک بۆ نەوەکانی داهاتووی هونەرمەندان و بینەران لە سەرانسەری جیهاندا".
گوتیشی: "شانازییەکی گەورەیە کە بە خەڵاتی سیسیل بی. دۆمیل رێزی لێدەگرین".
مێرن بە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی هونەری هاوچەرخ دادەنرێت و خاوەنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، ئیمی، بافتا، ساگ و تۆنییە، لەگەڵ سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب. بەتایبەتی لە بەرجەستەکردنی کەسایەتییە مێژوویی و هێما جیهانییەکاندا ناسراوە، وەک رۆڵی شاژن ئەلیزابێسی دووەم لە فیلمی (The Queen)، هەروەها لە کارە دیارەکانی دیکەی وەک (Elizabeth I) و (Losing Chase).
.jpg)
خەڵاتی (سیسیل بی. دۆمیل) لە 1952ـەوە دەبخشرێت، بۆ رێزگرتن لە ناوی دەرهێنەری ئەفسانەیی، سیسیل بی. دۆمیل. تاوەکو ئەمڕۆ 69 ئەستێرە ئەم خەڵاتەیان بەدەستهێناوە، لەوانە واڵت دیزنی، مێریل ستریپ، تۆم هانکس و ئۆپرا وینفری.
گۆڵدن گڵۆب لە 2019ـەوە خەڵاتی (کارۆل بێرنێت)ـیش دەبەخشێت بۆ رێزلێنان لەو داهێنەرانەی تەلەڤیزیۆن، کە شوێنپەنجەیەکی درێژخایەنیان بەجێهێشتووە.
.jpg)
خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب بە یەکێک لە گەورەترین بۆنە جیهانییەکان دەناسرێت، ئاهەنگ بۆ بەرهەمە سینەمایی، تەلەڤیزیۆنی و پۆدکاستەکان دەگێڕێت و لە زیاتر لە 185 وڵاتدا پەخش دەکرێت. لە ساڵانی رابردوودا، دامەزراوەکە زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکانی وەک یارمەتیی خوێندن، پاراستنی میراتی سینەمایی و پڕۆگرامەکانی بەهێزکردنی بەهرە نوێیەکان تەرخان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ