(One Battle After Another) بۆ زۆرترین خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بەربژێرە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن One Battle After Another گۆڵدن گڵۆب
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی (One Battle After Another)ـی دەرهێنەر پۆڵ تۆماس ئەندەرسۆن، لە لیستی بەربژێرکراونی 83ـەمین خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب، پێشەنگی رکابەرییەکانی ئەمساڵی گرتووە و بۆ نۆ خەڵات بەربژێرکراوە.
 
فیلمەکە لە بەشی باشترین فیلمی کۆمیدیا و میوزیکئامێز رکابەری دەکات و بۆ چەندین خەڵاتی سەرەکی بەربژێر کراوە، لەوانە؛ باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ و باشترین ئەکتەر بۆ لیۆناردۆ دیکاپریۆ، تیانا تەیلەر، شۆن پێن و چەیس ئینفینیتی.
 
هەروەها فیلمی نەرویجیی (Sentimental Value)ـی دەرهێنەر یواکیم تریر، بە جیاوازییەکی کەم و بە بەدەستهێنانی هەشت بەربژێر، لە ریزبەندی دووەم دێت.
 
راگەیاندنی بەربژێرەکانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکی گەورە لە پیشەسازیی سینەمای هۆڵیوود؛ رۆژی هەینی کۆمپانیای نێتفلێکس گرێبەستێکی بە بەهای 72 ملیار دۆلار واژۆ کرد بۆ کڕینی ستۆدیۆکانی کۆمپانیای وارنەر برۆس دیسکەڤەری و تۆڕی (ئێج بی ئۆ ماکس)ـی ئەو کۆمپانیایە.
 
هەردوو کۆمپانیاکە لە رکابەرییەکانی ئەمساڵدا پشکی شێریان بەرکەوتووە،
وارنەر برۆس: جگە لە فیلمەکەی ئەندەرسۆن، بە فیلمی (Sinners)ـی ڕایان کووگلەر بەشدارە کە بۆ حەوت خەڵات بەربژێر کراوە.
 
نێتفلێکس: بە فیلمەکانی (Jay Kelly)ـی نۆوا بامباخ، (Frankenstein)ـی گییەرمۆ دێل تۆرۆ و فیلمی (KPop Demon Hunters) کێبڕکێ دەکات.
 
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان رۆژی 11ـی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەدەچێت و نیکی گڵایزەر، خانمە کۆمێدیان بۆ دووەمجار وەک پێشکێشکار دەردەکەوێتەوە.
 
بۆ یەکەمجار لە مێژووی خەڵاتەکەدا، گۆڵدن گڵۆب خەڵاتی (باشترین پۆدکاست) دابەش دەکات. هەریەک لە پۆدکاستەکانی (Armchair Expert ،Call Her Daddy و SmartLess) لە دیارترین بەربژێرەکانن.
 
مارڵۆن وایانس، ئەکتەر و یەکێک لە راگەیێنەرانی بەربژێرەکان، ستایشی فرەچەشنیی لیستی ئەمساڵی کرد و گوتی: "خۆشحاڵم بەو گەشەسەندنە، نەک تەنیا لە رووی رەگەز و رەنگەوە، بەڵکو لە رووی تەمەنیشەوە هەمەجۆرییەک لە نێوان نەوەکاندا هەیە".
 
هاوکات بەرهەمهێنەرانی رێوڕەسمەکە جەختیان لەوە کردەوە، ئامانجیان ئەوەیە کەشێکی ئاهەنگئامێز دروست بکەن و بوونی ئەستێرە گەورەکان هۆکار دەبێت بۆ راکێشانی بینەر.
 
بڕیارە لە رێوڕەسمەکەدا خەڵاتی رێزلێنانی (سێسیل بی دمیل) بە هێلین میرێن و خەڵاتی (کارۆڵ بێرنێت) بە سارا جێسیکا پارکەر ببەخشرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە