یادی 50 ساڵەی سەرکەوتنی گۆرانیی 'Waterloo' لە یۆرۆڤیژن کرایەوە

07-04-2024
پەسار فایەق
لە لەندەن یادی گۆرانیی "Waterloo" کرایەوە
لە لەندەن یادی گۆرانیی "Waterloo" کرایەوە
نیشانەکردن "Waterloo" ئاببا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەر لە 50 ساڵ، گرووپی ئاببای سوێدی لە رێگەی گۆرانیی "Waterloo" توانی ببێتە براوەی پێشبڕکێی یۆرۆڤیژن لە 1974 لە لەندەن، بەشێک لە هۆگرانی گۆرانییەکە، بەشێوەیەکی جیاواز یادی ئەو گۆرانییەیان کردەوە.
 
رۆژی شەممە 6ـی نیسانی 2024 لە وێستگەی شەمەندەفەری واترلۆ لە لەندەنی بەریتانیا، یادی ئەو گۆرانییە کرایەوە و ژمارەیەک کەس بە دەنگی بەرزەوە بە نێو خەڵکدا گۆرانییەکەیان گوتەوە.
 
بەشێک لە هەوادارانی گرووپی ئاببا "ABBA"، بە شێوازی ئەندامانی گرووپەکە؛ سەمای دیسکۆیان لەگەڵ گۆرانییەکەدا کرد.
 
گرووپی ئاببا بە بەدەستهێنانی نازناوی پێشبڕکێی یۆرۆڤیژن، توانی ناوبانگییەکی جیهانی بەدەستبێنێت و بە ملیۆنان کۆپی لە بەرهەمەکانیان لە جیهاندا فرۆشراوە.
 
ماوەی چوار دەیەیە ئەندامانی گرووپەکە پێکەوە کار ناکەن، بەڵام لە 2021 ئەلبوومێکی هاوبەشیان بەناوی "Voyage" بڵاوکردەوە.
 
بڕیارە پێشبڕکێی یۆرۆڤیژنی ئەمساڵ لە 11ـی ئایار لە مالمۆی سوێد سازبکرێت و لە خولی رابردوو لۆرین، گۆرانیبێژی سوێدی، لە رێگەی گۆرانیی "Tattoo" بووە براوەی نازناوەکە.
 
هەر وڵاتێک ببێتە براوەی پێشبڕکێیەکە، ساڵی دواتر پێشبڕکێیەکەی تێیدا بەڕێوەدەچێت.
 
پێشبڕکێی گۆرانی یۆرۆڤیژن، ساڵانە لەلایەن یەکێتیی پەخشی ئەوروپا سازدەکرێت و یەکەم خولی لە 24ـی ئایاری 1956 بەڕێوەچوو، وڵاتانی ئەوروپا بە گۆرانیبێژێک یاخود کرووپێکی میوزیکی بەشدار دەبن.
 
پێشبڕکێی یۆرۆڤیژن، لە 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک زۆربەی چالاکییە هونەرییەکانی دیکە ئەو چالاکییە بەڕێوە نەچوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە