ئێدی پاڵمیێری پێشەنگی میوزیکی جازی لاتینی کۆچی دواییکرد

07-08-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئێدی پاڵمیێری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێدی پاڵمیێری، ئەو هونەرمەندە پێشەنگەی کە یەکێک بوو لە داهێنەرترین هونەرمەندانی بواری میوزیکی رومبا و جازی لاتینی، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
کۆمپانیای فانیا ریکۆردز، ئێوارەی چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، هەواڵی کۆچی دوایی پاڵمیێری راگەیاند. هەروەها گابریێلای کچی دەڵێت، باوکی هەمان رۆژ لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی نیوجێرسی بەهۆی "نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە" گیانی لەدەستداوە.
 
پاڵمیێری، پیانۆژەن و ئاوازدانەر، یەکەمین هونەرمەندی لاتینی بوو کە خەڵاتی گرامی بەدەستبهێنێت، لە ماوەی کارکردنیدا حەوت خەڵاتی دیکەی گرامی بردەوە، هەروەها نزیکەی 40 ئەلبوومی میوزیکی هەیە.
 
پاڵمیێری لە 15ـی کانوونی یەکەمی 1936 لە نیویۆرکی ئەمریکا لە دایک بووە، لە تەمەنێکی زووەوە دەستی بە فێربوونی پیانۆ کردووە، هەروەک چارلی پاڵمێری برا بەناوبانگەکەی، بەڵام لە تەمەنی 13 ساڵیدا، بەهۆی حەزێکی زۆر بۆ تەپڵ، دەستی بە ژەنینی تیمبالیس کرد لە ئۆرکێسترای خاڵیدا.
 
دواجار وازی لەو ئامێرە هێنا و گەڕایەوە سەر ژەنینی پیانۆ. ئەو میوزیکژەنە لەبارەی ژیاننامەی خۆی لە ماڵپەڕەکەیدا نووسیویەتی: "من کەسێکی دڵشکاوم لە لێدانی ئامێرە ریتمییەکان، بۆیە تووڕەیی خۆم بەسەر پیانۆکەدا دەڕێژم".
 
یەکەمین خەڵاتی گرامی لە 1975 بۆ ئەلبوومی "The Sun of Latin Music" بەدەستهێنا و تاوەکو تەمەنی 80 ساڵیش بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی میوزیک و لە ماوەی پەتای کۆرۆناشدا لە رێگەی پەخشی راستەوخۆوە ئاهەنگی دەگێڕا.
 

لە هەڤپەیڤینێکدا لە 2011، کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا هیچ شتێکی گرنگی ماوە بیکات، بە سادەیی و قسەخۆشییەکەی خۆیەوە وەڵامی دایەوە: "فێربوونی پیانۆ بە باشی... ئەوەی پیانۆژەن بیت شتێکە، بەڵام ئەوەی ببیتە پیانیست شتێکی دیکەیە".
 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە