فێستیڤاڵی ئاوازی گەلان بە کۆنسێرتێکی گرووپی کیژانی سلێمانی دەستپێدەکات

07-09-2023
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بە کۆنسێرتێکی گرووپی کیژانی سلێمانی؛ بە سەرپەرشتیی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی و بە درووشمی 'میوزیک هەموومان لە سلێمانی کۆدەکاتەوە' یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) دەستپێدەکات. 
 
فێستیڤاڵەکە لە 8 تاوەکو 11ـی ئەیلوولی 2023 لە سلێمانی سازدەکرێت و چەندین کۆنسێرت و پانێڵی تایبەت بە هونەر لەخۆدەگرێت. 
 
ئەنوەر قەرەداخی لەبارەی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، فێستیڤاڵەکە گرنگە، چونکە دەرفەتێکە بۆ ناسینی هونەرمەندان و تێکەڵبوونی کولتووری کورد لەگەڵ کولتووری گەلانی دیکە، ئەمەش شتێکی کەم نییە و دەبێتە هۆی ئەوەی سوود لە ئەزموونی یەکدی ببین. 
 
کۆنسێرتەکەی کچانی سلێمانی کاژێر 7ـی ئێوارەی سبەی هەینی لە شانۆی رۆمانی بەڕێوەدەچێت و لە کاژێر 8ـی ئێوارە کۆنسێرتی پەروین چاکار، هونەرمەندی ئۆپیرابێژ بەڕێوەدەچێت و کاژێرێک دوای ئەو کۆنسێرتە، کۆنسێرتی تیپی نیشتمانی بۆ میوزیکی رۆشنبیری عێراقی، بە سەرپەرشتیی میوزسیان عەلا مەجید، سازدەکرێت و سەعدوون جابر، هونەرمەندی عێراقی و ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە تێیدا بەشدار دەبن. 
 
گۆران عەلی کەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فێستیڤاڵەکە پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) جگە لە سازکردنی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندان، بەشێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکان لە پانێڵی تایبەت بە هونەر بەشدار دەبن. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە بیرۆکەی چەند ساڵێکە و لە 2022 بە چەند هۆکارێک سازنەکرا و بەرنامەی فێستیڤاڵەکە کە پێشتر بڵاویانکردووەتەوە وەکو خۆی بەڕێوەدەچێت. 
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فێستیڤاڵی سلێمانی روونیشیکردەوە، ژمارەیەک هونەرمەندی کورد لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵ خەڵات دەکرێن کە ساڵانێکە خزمەت بە هونەری کوردی دەکەن. 
 
لە یەکەم شەوی فێستیڤاڵدا کە دەکاتە 8ـی ئەیلوولی 2023 گرووپی کیژانی سلێمانی، پەروین چاکار، ئۆپێرابێژی کورد، تیپی نیشتمانی بۆ میوزیکی کولتووری عێراقی بە رابەرایەتیی عەلا مەجید و بە میوانداریی هونەرمەند سەعدوون جابر کۆنسێرت لە شانۆی رۆمانی لە پارکی هەواری شار پێشکێش دەکەن. 
 
بڕیارە لە شەوی دووەم کە دەکاتە 9ـی هەمان مانگ، گرووپی میوزیکی رەستاک، گرووپی میوزیکی خانمانی هارای و ئالیم قاسیمۆڤ و فەرغانە قاسیمۆڤا، هەردوو هونەرمەندی ئازەربێجانی، کۆنسێرت پێشکێش دەکەن. 
 
لە شەوی سێیەمدا، گرووپی مۆسیقای سلێمانی، هونەرمەند هەژار زەهاوی و گرووپەکەی و تیپی میوزیکی تەکات بەشدار دەبن و کۆنسێرت پێشکێش دەکەن. 
 
لە شەوی کۆتایی فێستیڤاڵدا لە 11ـی ئەیلوولی 2023، گرووپی میوزیکی میراز کۆنسێرتێک پێشکێش دەکات کە بەرهەمی کوردی و تورکی پێشکێش دەکەن، دواتر خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دابەش دەکرێن و کۆنسێرتی عەلیرەزا قوربانی، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی پێشکێش دەکرێت. 
 
بەیانی رۆژی شەممە 10ـی ئەیلولی 2023 چەند پانێلێکی هونەری بەڕێوەدەچن و سەرەتا گوتەی پێشەکی و بەخێرهاتن لەلایەن د. بروس فێرگسن، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی پێشکێش دەکرێت. 
 
دواتر عەلیرەزا قوربان، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی، عەلیم قاسمۆڤ، هونەرمەندی ناسراوی ئازەربێجانی، هونەرمەند نەسیر شەممە، هونەرمەند عەلا مەجید، هونەرمەند گۆران کامیل، هونەرمەند پەروین چاکار و هونەرمەند نەجات ئەمین لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی هونەر دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە