نووسەر و مێژوونووس جەمال بابان کۆچی دواییکرد

08-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە سلێمانی، نووسەر و مێژوونووسی دیاری کورد جەمال بابان لە تەمەنی 96 ساڵی دا کۆچی دواییکرد. 
 
توانا فایەق هۆشیار، پورزای نووسەر و مێژوونووس جەمال بابان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا جەمالی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کاژێر 11ـی شەوی پێنجشەممە، نووسەر و مێژوونووسی دیاری کوردستان جەمال بابان لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد.
 
جەمال بابان جگە لەوەی خاوەنی زیاتر لە 20 کتێب و بڵاوکراوە بووە، چەندین پۆستی میری لە ژیانیدا وەرگرتووە.
 
مامۆستا جەمال بابان لە ساڵی 1927 لە شاری سلێمانی دایکبووە، لە ساڵی 1950 کۆلێژی مافی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە و لە ژیانیدا لە پاڵ نووسین و کتێبەکانیدا، چەندین پۆستی وەرگرتووە، لەوانە لە ساڵی 1970 بووەتە یەکەم سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە ساڵانی شەستەکاندا سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بووە. 
 
ئەو شاعیر و مێژوو نووسە، بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆکی شارەوانی و ئەمینداری گشتیی کۆڕی زانیاریی کورد، بەڕێوەبەری دەزگای رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردییش بووە لە بەغدا.
 
جەمال بابان ناوی تەواوی جەمال عەبدولقادر عەزمی بەگ بابانە، یەکێکە لە نەوەکانی ئیبراهیم پاشای بابان، کوڕێک و سێ کچی هەیە و دامەزرێنەری سەنتەری رۆشنبیریی بابان بووە لە سلێمانی.
 
ئەمانەی خوارەوە بەشێکە لە کتێب و چاپکراوەکانی:
 
- خانزاد- چیرۆک، 1957.
- پەڵەهەورێکی چڵکن، چاپخانەی المعارف- بەغدا، 1958.
- سەی کەڵەک- چیرۆک، دار الجاحظ- بەغدا.
- مامەیارە، چاپخانەی دار الجاحظ- بەغدا، 1973.
- خەڕەکە شکاوەکە، چاپخانەی الحوادث- بەغدا، 1989.
- هەندێک داوەریی بەناوبانگ، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد- بەغدا، 1981.
- سلێمانی شارە گەشاوەکەم، 4 بەرگ (بەرگەکانی 1-2، چاپخانەی دار الحریة- بەغدا، 1992، 1998)، (بەرگەکانی 3-4، دەزگای سەردەم- سلێمانی، 2000، 2002).
- بابان في التاریخ ومشاهیر البابانیین، مطبعة الحوادث- بغداد، 1993.
- أعلام کرد العراق، دوو بەش، 2006.
- یاداشتنامەی ژیانم، سلێمانی، 2007.
- گەشتێک بە ناخی تەمەندا، دەزگای سەردەم- سلێمانی، 2007.
- أصول أسماء المدن والمواقع العراقیة، سێ بەش 
- واقع کرکوک، دار آراس- أربیل، 2012.
- بابان لە مێژوودا و گەورەپیاوانی بابان، ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە- سلێمانی، 2018.
- خاڵە ڕەجەب، ترش و شیرین، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، 1969.
- جەمیل صائیب، لە خەوما، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد- بەغدا، 1975.
- کاکینە و مستەفا صائیب، قسەی نەستەقی پێشینان.
- مذکرات علي کمال عبدالرحمن، مطبعة شرکة الخنساء- بغداد، 2001.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە