فیلمێك لەبارەی چیرۆکێکی غەززە خەڵاتی شێری زیوینی ڤێنیسی بردەوە

07-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن 82ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمی کۆتایی 82ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس دا، فیلمی (باوک، دایک، خوشک، برا)ـی جیم جارموش، دەرهێنەری ئەمریکی، خەڵاتی سەرەکیی فیستیڤاڵی بردەوە کە خەڵاتی شێری زێڕینە. هاوکات فیلمی (دەنگی هیند رەجەب)ـی کەوسەر بن هەنییە، خانمە دەرهێنەری تونسی کە باس لە چیرۆکی کچێکی فەلەستینی دەکات، خەڵاتی شێری زیوینی بردەوە.
 
شەوی شەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025، خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ راگەیێندران و فیلمی کۆمیدیی (Father Mother Sister Brother) یاخود (باوک، دایک، خوشک، برا) کە باس لە بابەتەکانی خێزان و پیری دەکات، بە شایستەی خەڵاتی شێری زێڕین زانرا.
 
جیم جارموش، دەرهێنەری فیلمەکە، دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند، "ئامادەی وەرگرتنی ئەم رێزلێنانە نەبووم، دەبوو گوتارێکی باشترم ئامادە بکردایە." هەروەها داوای هاوسۆزیی لە هەموو کۆمەڵگە کرد و گوتی، "دەمویست بڵێم فیلمسازی زمانێکی زۆر ئاڵۆزە و هەوڵێکی زۆر زۆری دەوێت بۆ ئەوەی بە بێ ماندووبوون دەربکەوێت".
 
خەڵاتی دووەمی فێستیڤاڵەکە کە شێری زیوینە، بەخشرا بە فیلمی دۆکیۆدرامای "دەنگی هیند رەجەب" کە باس لە هەوڵی رزگارکردنی کچێکی شەش ساڵان بەناوی هیند رەجەب دەکات و لە کانوونی دووەمی 2024 لەنێو ئۆتۆمبێلێکی گولـلەبارانکراودا لە غەززە گیانی لەدەستدا. فیلمەکە پشتی بە تۆماری دەنگیی راستەقینەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی هیند لەگەڵ کۆمەڵەی مانگی سووری فەلەستینی بەستووە.
 
پێشاندانی فیلمەکە لە ڤێنیس کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە و بۆ ماوەی 24 خولەک چەپڵەی بۆ لێدرا، کە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە مێژووی فێستیڤاڵەکەدا.
 

خواکین فینێکس، ئەکتەری ناوداری ئەمریکی و رونی مارای هاوژینی وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار، شانبەشانی ئەستێرەکانی دیکەی وەک براد پیت و ئەلفۆنسۆ کوارۆن، پاڵپشتیی فیلمەکەیان کردووە. لەکاتی دەرکەوتنیان لەسەر فەرشی سوور، ستافی فیلمەکە وێنەیەکی هیند رەجەبیان بەدەستەوە گرتبوو، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئامادەبووان دروستکرد.
 
کەوسەر بن هەنییە، دەرهێنەری فیلمەکە، خۆشحاڵیی خۆی بە بردنەوەی خەڵاتەکە دەربڕی و رایگەیاند، "هەست بە شانازی دەکەم کە لێرەم". ئاماژەی بەوەدا خەڵاتەکە دەبێتە هۆی ئەوەی فیلمەکە زیاتر بکەوێتە "بەرچاوان". هەروەها گوتی، "سوپاسگوزارم بۆ پشتیوانی ئەستێرەکانی هۆڵیوود. بەشداریی ئەم ناوانە واتایەکی زۆری هەیە. سینەما و هونەر زۆر گرنگن بۆ ئەوەی دەنگ و رووخسار بەم خەڵکە بدەن".
 
لیژنەی دادوەران بە سەرۆکایەتیی ئەلێکساندەر پەین، چەند خەڵاتێکی دیکەیان بەخشی، لەوانەش خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بۆ بێنی سافدی، بۆ فیلمی ژیاننامەیی (The Smashing Machine). باشترین ئەکتەری پیاو بۆ تۆنی سێرڤیلۆ، ئەکتەری ئیتاڵی، بۆ رۆڵی لە فیلمی (La Grazia). باشترین ئەکتەری ژن بۆ شین ژیلێی، ئەکتەری چینی، بۆ رۆڵی لە فیلمی (The Sun Rises on Us All).

 

 
هەروەها خەڵاتی باشترین سیناریۆ بەخشرایە ڤالێری دۆنزێلی و جیل مارشان، بۆ فیلمی فەرەنسیی (At Work) و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەران بەخشرایە جیانفرانکۆ رۆزی، دەرهێنەری ئیتاڵی، بۆ فیلمی دۆکیۆمێنتاریی (Below the Clouds).

 

82ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس لە 27ـی ئاب لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و لە 6ـی ئەیلوول کۆتاییهات. ڤێنیس کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و بە یەکێک لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم هەژمار دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە