رووداو دیجیتاڵ
'چێشتخانەی نەریتیی کوردی' بەڵگەفیلمێکی کوردییە لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی، ئەسمەر ئۆلیایی، دەرهێنەری کورد و لە سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بەشدار دەبێت.
ئەسمەر ئۆلیایی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکەم پێشاندانی نوێترین فیلمی بەناوی 'چێشتخانەی نەریتیی کوردی' لە سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ پێشاندەدرێت. گوتیشی: "فیلمەکەیە بەربژێری خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە بەڵگەفیلمەکەدا کەسێک بە نێو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەشت دەکات و چەند جۆرێکی خواردنی کوردی دەناسێنێت و چۆنیەتی دروستکردنیان دەخاتەڕوو.
ئۆلیایی، روونیشیکردەوە، بەڵگەفیلمەکە تەنیا لەبارەی خواردنەوە نییە، بەڵکو ئاشنابوونە بە دیالێکتەکانی ناوچەکان و سرووشتی جوانی وڵات. گوتیشی، لە رێگەی فیلمەکانەییەوە کار بۆ ناساندنی کولتوور و هونەری کوردی دەکات.
ئەسمەر ئۆلیایی، لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە نەرویج ژیان بەسەردەبات، جگە لە بەڵگەفیلمی 'چیشتخانەی نەریتیی کوردەواری'، خاوەنی پێنج فیلمە دیکەیە؛ بەناوەکانی: 'نیشتمان'، 'شێرپەنجە'، 'خوێندنگە'، 'دۆشاوی ترێ' و 'جلوبەرگی کوردی ناسنامەی منە'.
یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە 2021 بەڕێوەچوو و خولی ئەمساڵی لە 12 تاوەکو 19ـی تشرینی یەکەم 2023 لە مۆسکۆی رووسیا بەڕێوەدەچێت و چەندین فیلمی کوردی لە بەشە جیاوازەکانیدا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ