لاوین مەش: گۆرانی 'دیاسپۆرا' باسی چیرۆکی میللەتی کورد دەکات

07-11-2023
پەسار فایەق
لاوین مەش، گۆرانیبێژی کورد - فەرەنسی
لاوین مەش، گۆرانیبێژی کورد - فەرەنسی
نیشانەکردن لاوین مەش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لاوین مەش، کچە گۆرانیبێژێکی کورد - فەرەنسییە و لە فەرەنسا دەژی، یەکەم گۆرانیی بەناوی 'دیاسپۆرا' بڵاوکردووەتەوە و بەم دواییە یەکەم ڤیدیۆکلیپی بەناوی 'L'Instant' بڵاوکردەوە و ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی گۆرانی دەکات.
 
لاوین مەش، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە فەرەنسا لەدایکبووم، دایکم فەرەنسییە، لە قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتیی خوێندم کە زمانی ئینگلزی زیاتر لە هەر زمانێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخوێندرێت بۆیە هەلی راهێنانی زۆرم نەبووە. بەڵام، من تا تەمەنی پێنج ساڵی بە کوردیی کرمانجی قسەم دەکرد".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "هەمیشە بۆ میوزیک بەپەرۆش بووم و باوکم زۆر پاڵپشتیی دەکردم، گۆرانیی 'دیاسپۆرا'ـم نووسی بۆ ئەوەی چیرۆکی میللەتی کورد باس بکەم". 
 
گوتیشی: "'دیاسپۆرا' گۆرانییەکی فەرەنسییە کە باسی چیرۆکی دەربەدەریی دەکات، باسی ئەو کەسانەی کە بەهۆکاری سیاسییەوە وڵاتی خۆیان جێهێشت، ئەوان نەیانتوانی لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە چونکە سەلامەت نەبوو؛ بۆیە پێویست بوو بچنە چەند وڵاتێکی جیاواز بۆ ئەوەی هەست بە پارێزراوی بکەن. ئەم گۆرانییە لەبارەی دیاسپۆرای کوردییە. من ئەم گۆرانییەم بۆ باوکم بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی سوپاسی بکەم کە هەمیشە لە زمانی کوردی و میوزیکدا پاڵپشتم بووە".
 
لاوین مەش زمانی کوردی بە باشی نازانێت و بە فەرەنسی و ئینگلیزی قسە دەکات و دەڵێت: ئەلبوومە نوێیەکەی لە 2024 بڵاودەکرێتەوە و گۆرانی بە زمانی کورد، فەرەنسی و ئینگلیزی لەخۆدەگرێت.
 
لەبارەی ئەلبوومەکە روونیشیکردەوە: "گۆرانییەک لەبارەی مردنە، تێیدا هەوڵدەدەم بە شێوەیەکی دڵخۆش مردن پیشان بدەم، چونکە نەمویست کەس لەگەڵ گۆرانییەکە بگریت. هەروەها چەند گۆرانییەکی خۆشەویستیشی لەخۆدەگرێت. گۆرانییەکان لەبارەی ژیان دەبن، لە گۆرانییەکان ئیلهامم لە ئەزموونی خۆم وەرگرتووە کە وەک ئافرەتێکی پێگەیشتووی کورد لە فەرەنسا دەژیم".
 
لەبارەی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپێک لە کوردستان، ئاشکرای کرد، پلانی بۆ ئەوە داناوە. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە