رووداو دیجیتاڵ
رێزان کۆچ، هونەرمەندی باکووری کوردستانە و نوێترین ڤیدیۆکلیپی بەشێوەی هاوبەش لەگەڵ کوڕەکەی باران کۆچ بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە، ئەمەش لە دوای بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک لەگەڵ کچەکەی.
رێزان کۆچ، بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمە نوێیەکەی بەناوی 'دەم و دەوران'ـە و لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و لەگەڵ کوڕەکەی باران تۆماری کردووە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاویکردووەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتر کچەکەی زەریا لە ڤیدیۆکلیپی 'حەوشا مالێ' لەگەڵیدا بەشداربووە و لە دووەم ڤیدیۆکلیپی بارانی کوڕی و لە داهاتوودا بەنیازی کچە بچووکەکەی ئاریا بەشدار بێت.
هەر بەم دواییە ئەو هونەرمەندە ڤیدیۆکلیپێکی بەناوی 'گولا حەوشێ' بڵاوکردەوە کە لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و لەم بەرهەمەشدا کچەکەی زەریا بەشدارە و بەهۆی ئەم بەرهەمە ناوبانگی پەیداکرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو پێشوازی لێکراوە.
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە کەناڵی تایبەتی رێزان کۆچ لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و لە ماوەی چوار مانگدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار بینەری هەبووە.
کۆچ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، زۆربەی گۆرانییەکانی چیرۆکیان لە پشتە، گۆرانی 'گولا حەوشێ' کە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆ كچەکەی نابیست و ناگۆیەکەی گوتبووی کە کۆچی دواییکردووە. گوتیشی، هەموو منداڵەکانی فێری میوزیک و گۆرانی کردووە.
ئەو هونەرمەندە کوردە کە دانیشتووی نسێبینی باکووری کوردستانە، 25 ساڵە تێکستی گۆرانی دەنووسێت و کارمەندی کەرتی تەندروستییە، دەڵێت بەردەوام کاخەز و پێنووسی لە گیرفاندایە و شتێک بێتە خەیاڵی؛ دەیکاتە هۆنراوە و دەینووسێتەوە.
رێزان کۆچ بەهۆی چەند گۆرانییەکی کە لەگەڵ منداڵەکانی دەیڵێت و بە ڤیدیۆ بڵاویان دەکاتەوە، ناوبانگی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ