رووداو دیجیتاڵ
بیست و سێیەمین خولی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی داکار لە سێنیگال، بە شێوازێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراو بەڕێوەچوو؛ لەجیاتی هۆڵە داخراوەکان و رۆیشتن لەسەر فەرش، مۆدێلەکان لەسەر بەلەمی ماسیگران و لەنێو شەپۆلەکانی دەریادا جلوبەرگەکانیان نمایشکرد.
بەپێچەوانەی نەریتی باوی نمایشەکانی جلوبەرگ لە جیهاندا، رۆژی شەممە، لە کەناراوەکانی داکاری پایتەخت، مۆدێلەکان بە جلوبەرگی ناوازەوە لەسەر بەلەمەکانی راوکردنی ماسی؛ دەرکەوتن.
دیمەنەکە پڕ بوو لە سەرکێشی؛ نمایشکارەکانی جلوبەرگ ناچار بوون دەست بە پەتی بەلەمەکانەوە بگرن بۆ ئەوەی بەهۆی شەپۆلە بەهێزەکانەوە هاوسەنگییان لەدەست نەدەن و نەکەونە نێو دەریاوە.
ئەمساڵ هەفتەی نمایشی جلوبەرگی داکار دروشمی (زەریا وەک شانۆیەک)ـی هەڵبژاردووە. بیرۆکەکە تەنیا بۆ مۆدێلەکان نەبوو، بەڵکو بەشێک لە بینەرانیش لەنێو بەلەمەکانی دیکەوە لە دەریاوە تەماشای نمایشەکەیان دەکرد.
خالید دیان، شارەزایەکی بواری فاشنەر کە ساڵانێک لە ئیتاڵیا ژیاوە و بۆ بینینی نمایشەکە چووەتە کەنار دەریاکە، سەرسامیی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: "هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا بکرێت، بەڵام هەفتەی فاشنی داکار ئەنجامی دا. ئەوەی بینیمان کارێکی باوەڕپێنەکراوە و بۆ یەکەمجار بوو".
ئەم رووداوە لەلایەن دیزاینەری سێنیگالی ئاداما ندیای سەرپەرشتی دەکرێت، کە بە (ئاداما پاریس) ناسراوە. ئەو دیزاینەرە لە 2002ـەوە ئەم هەفتە نمایشە بەڕێوەدەبات؛ بە ئامانجی ناساندنی کولتوور و فاشنی ئەفریقا بە جیهان.
.jpg)
سێنیگال خاوەنی مێژووییەکی دەوڵەمەندە لە بواری رستن و چنیین و دیزایندا، هەروەها داکار وەک پێگەیەکی سەرەکیی کولتووری بۆ بڵاوبوونەوەی هونەر، هیپ هۆپ و جلوبەرگی شەقام لە رۆژئاوای ئەفریقا دەناسرێت.

جگە لەم نمایشە سەرنجڕاکێشەی سەر دەریا، دیزاینەران لە سەرانسەری ئەفریقاوە بەشدارییان کردووە و لە شوێنی جیاوازی وەک باڵیۆزخانەی تورکیا و هوتێلەکان بەرهەمەکانیان خستووەتەڕوو، بەڵام نمایشی سەر بەلەمەکان بووەتە جێگەی زۆرترین باس و خواسی میدیاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ