رووداو دیجیتاڵ
تۆنی رۆبێرتس، شانۆڤانی ئەمریکی کە بە بەهرە جیاوازەکانی لە نواندندا ناسراو بووە و بەربژێری خەڵاتی شانۆیی تۆنی بووە، وەک ئەکتەری سینەمایی لە چەندین فیلمی وۆدی ئاڵن، دەرهێنەری ئەمریکی دا بەشداربووە، لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
نیکۆڵ بۆرلی، کچی ئەو هونەرمەندە، هەواڵی کۆچی دوایی بڵاوکردەوە کە رۆژی هەینی 7ـی شوباتی 2025 ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
رۆبێرتس، لە بەرهەمە شانۆییە کۆمێدیاییەکان لێهاتووانە رۆڵی گێڕاوە، سەرەتای کاری شانۆیی لە بەرهەمە شانۆییە میوزیکییەکان لە شانۆی برادوەی دەستیپێکردووە، لە بەرهەمە دیارەکانی سەرەتای دەرکەوتنی لەسەر تەختی شانۆ، لە رێگەی "How Now, Dow Jones" لە 1967، "Sugar" لە 1972 کە چیرۆکی لە فیلمی "Some Like It Hot" وەرگیراوە، هەروەها لە شانۆگەریی "Victor/Victoria" لە 1995.
لە بواری سینەمادا، لە فیلمی "Xanadu" لە 2007 و فیلمی "The Royal Family" لە 2009 رۆڵی گێڕاوە. هەروەها لە چەند فیلمێکی وۆدی ئاڵن نواندنی کردووە، لەوانەش "Annie Hall" لە 1977، "Stardust Memories" لە 1980، "A Midsummer Night's Sex Comedy" لە 1982، "Hannah and Her Sisters" لە 1986 و"Radio Days" لە 1987.
تۆنی بە گرنگترین خەڵات لە بواری شانۆدا دەناسرێت و ئەو ئەکتەرە دوو جار لە رێگەی شانۆگەریی "How Now, Dow Jones" و "Play It Again, Sam" بۆی بەربژێرکراوە.
"The Tale of the Allergist's Wife" لە 2000، بە گرنگترین بەرهەمی شانۆیی ئەو ئەکتەرە شانۆییە دەناسرێت، تێیدا رۆڵی هاوژینی کارەکتەری سەرەکیی نێو چیرۆکەکە دەگێڕێت.
یەکەم دەرکەوتنی رۆبێرتس لەسەر تەختی شانۆ لە 1962 بووە، لە رێگەی شانۆگەرییەکی کورت بەناوی "Something About a Soldier".
تۆنی رۆبێرتس، لە 22ـی تشرینی یەکەمی 1939 لە نیویۆرکی ئەمریکا لەدایکبووە، کوڕی کین رۆبێرتسە کە لە رادیۆ و تەلەڤزیۆن کاری کردووە. ژیانی هاوژینی لەگەڵ جێنیفەر لیۆنز پێکهێناوە و جیابووەتەوە و کچێکی هەیە، ئەویش نیکۆڵ بۆرلیی ئەکتەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ