رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر، خەڵاتی زێڕینی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەخشرا بە هونەرمەند وەلید مەعرووف؛ ئەویش لە پەیامێکدا دەڵێت "هونەر پێش هەموو شتێک خۆشەویستی دەبەخشێت".
رێوڕسمەکە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتیی شانۆی هەولێر بەڕێوەچوو و رێزگرتن بوو لە 55 ساڵ تەمەنی هونەریی وەلید مەعرووف.
وەلید مەعرووف بۆ رووداو باسی لە فەلسەفەی هونەر کرد و گوتی: "هونەر پێش هەموو شتێک خۆشەویستی دەبەخشێت و خەڵک فێری خۆشەویستی دەکات. من داوا لە هەموو کوردێک دەکەم واز لە رق و کینە بهێنن و خۆشەویستی بڵاوبکەنەوە".
ئەو ئەکتەرە دێرینە کە 25 ساڵ لە ئەووروپا ژیاوە، ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا تەنیا بە خۆشەویستی و رێزگرتن لە هونەر ئاوەدان بوونەتەوە.
وەلید مەعرووف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رەخنە لە پێگەی ئێستای هونەرمەندان دەگرێت و دەڵێت: ژمارەی "هونەرمەندی راستەقینە کەمن. ئەگەر هونەرمەندان رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێڕایە، ئێستا دەبوو کورسییان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران هەبووایە".
هەروەها باس لە سەردەمی زێڕینی کارکردنی خۆی دەکات لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان لە بەغدا و هەولێر و دەڵێت: "ئەو کاتە یەک درهەممان وەرنەدەگرت، خۆمان هونەرمان دروست دەکرد و نەماندەگوت کوانێ پارە؟ چونکە هونەر لای ئێمە رەوشت و خۆشەویستی بوو".
سەبارەت بە هەستی خۆی بۆ ئەم رێزلێنانە، وەلید مەعرووف گوتی: "خەڵاتەکە بۆ من ئەو رێزلێنانەیە کە لە مێژووی 55 ساڵەی خزمەتم دەکرێت؛ ئەو خزمەتەی بە پەیمانگە و کۆلێژی هونەرە جوانەکان و خوێندنی باڵا لەم شارەدا کردوومە، ئەوە خەڵاتە گەورەکەیە". هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ خەڵاتکردنی.

وەلید مەعرووف یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی کوردستان و لە تەمەنی هونەری خۆیدا بەشداریی لە چەندین بەرهەمی شانۆیی، درامایی و سینەماییدا کردووە.

رێوڕسمەکە بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، هیوا سوعاد، بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر و سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و عەبدولڕەحمان فەرهادی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد لەگەڵ ژمارەیەک لە هونەرمەندان و نووسەران بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ