رووداو دیجیتاڵ
ئەلێک بالدوین، ئەکتەری ئەمریکی بۆ یەکەمجار پەردە لەسەر قۆناخە تاریکەکانی ژیانی لادەبات و رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم لە دۆسییەی کوشتنی وێنەگری فیلمی (Rust) تۆمەتبارکرایەوە، بیرى لە خۆکوشتن کردووەتەوە.
بالدوین لە نوێترین ئەڵقەی پۆدکاستی (Dopey)ـدا، بە راشکاوی باسی لەو بارودۆخە دەروونییە سەختە کرد کە تێیکەوتبوو، دوای ئەوەی لە 2021ـدا هالیینا هەچنس، وێنەگری فیلمەکەی بە هەڵە بە فیشەکی چەکی دەستییەوە کوژرا.
ئەو ئەکتەرە تەمەن 67 ساڵە دەڵێت: "ئەو رووداوە هەموو دەمارەکانی جەستەمی تێکشکاند؛ لە رووی روحی، دارایی، پیشەیی و تەندروستییەوە زیانی گەورەی پێگەیاندم. ئەگەر پێت بڵێم لە 21ـی تشرینی یەکەمی 2021ـەوە باری تەندروستیم چۆنە، بڕوا بکە ئەو رووداوە 10 ساڵ لە تەمەنی بردم".
بالدوین ئاماژەی بەوە کرد، چەندین شەو لەسەر جێگەکەی پاڵکەوتووە و نەیویستووە رۆژی دواتر خەبەری ببێتەوە. ئەو دەڵێت: "بە خوا سوێند دەخۆم، دەگەیشتمە ئەو شوێنەی دەموت نامەوێ رۆژێکی دیکە بەخەبەر بێمەوە و هەمان ئازار بچێژمەوە. بەڵام تەنیا بەهۆی بڕوا و پشتیوانیی هیلاریای هاوژینم و منداڵەکانم توانیم بەسەر ئەو بیرۆکەیەدا سەربکەوم و بڵێم با تەنیا یەک رۆژی دیکەش بوەستم".
بالدوین رەخنەی تووندی لە داواکارانی گشتیی ویلایەتی نیومەکسیکۆ گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی ویستوویانە لە رێگەی ناوی ئەوەوە ناوبانگ بۆ خۆیان پەیدا بکەن، گوتیشی: "سوپاس بۆ خودا بۆ ئەو دادوەرەی کە تێگەیشت ئەوان چی دەکەن و دۆسییەکەی داخست".
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، ئەلێک بالدوین باسی لە لاساییکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ کرد لە بەرنامەی (SNL) کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بوو. سەرەڕای ئەوەی بالدوین دەڵێت "لە هەموو شتێکدا دژی ترەمپم"، بەڵام وەک مرۆڤێک سەیری دەکات.
بالدوین دەڵێت: "ترەمپ مرۆڤە، بەڵام هەڵەی ئەو ئەوە بوو کاتێک بریندار دەکرا یان گاڵتەی پێ دەکرا، بە تاڵیی و کینە و رقەوە وەڵامی دەدایەوە، ئەوەش دۆخەکەی بۆ خۆی خراپتر کرد".
سەبارەت بە داهاتووی کۆمیدیای سیاسی، بە بڕوای بالدوین کاتی گاڵتەکردن بە ترەمپ کۆتایی هاتووە و دەڵێت: "ئەگەر ئێستا سەیری بەرنامەیەکی شەوانە بکەیت و بە نوکتەیەک لەسەر ترەمپ پێبکەنیت، ئەوا کێشەیەک لە خۆتدا هەیە. ئێستا کاتی ئەوەیە تەنیا سەرنج بخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ