رووداو دیجیتاڵ
کریس ریا، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری بەریتانی، کە زیاتر بە گۆرانیی (Driving Home for Christmas) دەناسرایەوە، لە تەمەنی 74ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
ماڵباتی هونەرمەندەکە لە راگەیەندراوێکدا کە رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ریا دوای ململانێیەکی کورت لەگەڵ نەخۆشی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ریا لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا وەک یەکێک لە دەنگە دیارەکانی بەریتانیا دەرکەوت. گۆرانییەکانی (If You Think It’s Over)، (Fool ) و (Let’s Dance) ناوبانگی جیهانی بەدەستهێنا.
ئەو گۆرانیبێژە بەریتانییە، دوو ئەلبوومی بە ناوەکانی (The Road to Hell) لە 1989 و (Auberge) لە 1991، توانییان ریزبەندی یەکەمی پڕفرۆشترین ئەلبوومەکان لەسەر ئاستی بەریتانیا بەدەستبهێنن.
هەرچەندە گۆرانییە بەناوبانگەکەی (Driving Home for Christmas) کاتێک لە ساڵی 1986 بڵاوکرایەوە؛ سەرکەوتنێکی خێرای بەدەست نەهێنا، بەڵام بە تێپەڕبوونی دەیان ساڵ، بووە یەکێک لەو گۆرانییانەی کە لە وەرزی سەری ساڵدا لە بەریتانیا و جیهان زۆرترین بیسەری هەبێت. تەنانەت ئەمساڵیش ئەم بەرهەمە لە ریکلامێکی تەلەڤزیۆنیی کۆمپانیایەکدا بەکارهێنرا.
کریس ریا لە 1951 لە میدڵزبرۆی باکووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا لە باوکێکی ئیتاڵی و دایکێکی ئێرلەندی لەدایکبووە. پێش ئەوەی ببێتە هونەرمەند، لە کارگەی ئایسکرێمی ماڵباتەکەیدا کاری کردووە و درەنگ دەستی بە ژەنینی گیتار کردووە.
لە ساڵانی رابردوودا بەدەست چەندین کێشەی تەندروستییەوە دەیناڵاند؛ لەوانە شێرپەنجەی پەنکریاس و جەڵتەی مێشک لە ساڵی 2016ـدا. لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا، زیاتر رووی لە میوزیکی بلووز کردبوو و چەندین ئەلبوومی لەو شێوازە بڵاوکردەوە.
کریس ریا هاوژین و دوو کچی لەدوای خۆی جێهێشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ