رووداو دیجیتاڵ
سەراب لۆکماجی، وێنەکێشێکی تورکە و بە خۆڵەمێشی جەستەی ژنێکی کۆچکردوو، دوو تابلۆی کێشاوە.
لۆکماجی، بیرۆکەی وێنەکێشانەکەی بە هاکان کلینگ لە پارێزگەی یاڵۆڤای تورکیا داوە کە دەکاتە زاوای ئەو ژنە کۆچکردووەی دوای مردنی جەستەکەی سووتێندراوە.
ئەو وێنەکێشە تورکە زۆرجار بۆ کێشانی تابلۆکانی خۆڵ بەکاردێنێت، بۆیە بیرۆکەی ئەوەی لا دروستبووە بە خۆڵەمێشی جەستەی سووتاوی کاتلین کۆلار، وێنەی ئەو ژنە کۆچکردووە بکێشێت.
کاتلین کۆلار خەڵکی هەنگاریایە، لە دوای مردنی؛ جەستەی لە وڵاتەکەی سووتێندراوە، نیوەی خۆڵەمێشی جەستەکەی هێنراوەتە تورکیا بۆ ئەوەی لە بۆسفۆردا بڵاوی بکەنەوە، بەڵام بە پێشنیازی لۆکماجی بەشێک لەو خۆڵەمێشی جەستەیان لای خۆیان هێشتووەتەوە.
لۆکماجی، بەو خۆڵەمێشە دوو وێنەی کاتلین کۆلاری کێشاوە و هاکان کلینگ دەڵێت، ئەو وێنەکێشە هەفتەی رابردوو دووەم وێنەی کێشاوە، هەستێکی سەیری هەیە کاتێک لە ماڵەوە دەبینێت وێنەی یەکێک لە ئەندامە کۆچکردووەکانی ماڵباتەکەی، بە خۆڵەمێشی جەستەی کێشراوە.
روونیشیکردەوە، سەرەتا کە لە بەردەمیدا تێدەپەڕین هەستیان بە پەرۆشی دەکرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵی راهاتوون، هەستیان بەوە کردووە کە یەکێک لە ئەندامانی ماڵباتەکەیان لەگەڵیاندایە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ساڵیادی لە دایکبوونی خەسووی کێکێکی بچووک دەکڕن و مۆمێکی بچووک دادەگیرسێنن و وێنەی خەسووی لەسەر مێزەکە دادەنێن، دواتر منداڵە بچووکەکەیان مۆمەکە دەکوژێنێتەوە.
لۆکماجی، دەڵێت، وێنەکێشان بە خۆڵەمێشی جەستە، وەک "رێوڕەسمی ماڵئاوایی ... گەشتی رۆحانییە" لای ئەو. یەکەمجاریش ئەو ئەزموونە لە هونەرەکەیدا تاقیدەکاتەوە.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ