فیلمێکی چارڵی چاپلن لە فێستیڤاڵی کان پێشاندەدرێت

08-05-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن چارڵی چاپلن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی بەشی "کان کلاسیک" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، ناوەڕۆکی بەرنامەی بەشەکەی ئاشکرا کرد و بڕیارە فیلمێکی چارڵی چاپلن پێشاندەدرێن.  
 
فیلمەکە بەناوی "The Gold Rush"یە و بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی، لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە پێشاندەدرێت.
 
فێستیڤاڵی فیلمی کان، چەند بەش لەخۆی دەگرێت، یەکێک لەو بەشانە، پێشاندانی فیلمە کلاسیکییەکان و گفتوگۆکردنە لەبارەیانەوە.
 
چارڵی چاپلن، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، دەرهێنەر، ئاوازدانەری ئینگلیزی، بە دیارترین ئەستێرەی سەردەمی سینەمای بێدەنگ دەناسرێت، بەهۆی دەنگدانەوەی بەرهەمەکانی لە جیهاندا، بە یەکێک لە ئایکۆنەکان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت. 
 
بەم دواییە رێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، پۆستەری 78ـەمین خولی فێستیڤاڵەکەیان بڵاوکردەوە کە لە دوو پۆستەر پێکدێت و وێنەی فیلمی "A Man and a Woman" لە دەرهێنانی کلود لولوش، دەرهێنەری فەرەنسی لەخۆدەگرێت.
 
فیلمەکە فەرەنسییە و ناوەڕۆکێکی رۆمانسیی هەیە، لە 1966 خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی کانی بردووەتەوە کە خەڵاتی چڵەبەڕووی زێڕینە، دواتریش خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە.
 
دوو پۆستەر لە یەک پۆستەردا چاپکراوە، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی فێستیڤاڵی کاندا روودەدات
 
بەکارهێنانی وێنەی فیلمەکە لە پۆستەری خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵ، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 60 ساڵە بەسەر بەرهەمهێنانیدا، وێنەی دیمەنێکی باوەشی نێوان دوو کارەکتەری سەرەکیی نێو فیلمەکە لەخۆدەگرێت کە 20 چرکەیە، ئەو باوەشە وەک هێمایەکی رۆمانسییەت لە سینەمای جیهاندا دەناسرێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵی فیلمی کان پێشتر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "ئەم هەڵبژاردنە لە سەردەمی هەڵوەشاندنەوە و دابەشبووندایە، دووبارە بیرخستنەوەی هێزی سینەمایە لە کۆکردنەوەی جەستە، دڵ و رۆحەکان، هەروەها بەرجەستەکردنی ئازادی، جووڵە و یادکردنەوەی ژیانە".
 
ئاماژە بۆ ئەوەش کرابوو: "لە جیهانێکدا کە هەورەکان چڕتر دەبن، چیتر رووناکی لە ئاسمانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە درەوشانەوەی مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، لە نێوان دوو مرۆڤ کە ئاشتبوونەتەوە".
 
78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 13 تاوەکو 24ـی ئایاری 2025 لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.
 
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
 
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
 
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
 
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی "سرتە لەگەڵ با" لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە