بە گۆرانی 'خوایە وەتەن ئاواکەی' یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی دەستیپێکرد

08-09-2023
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە کۆنسێرتێکی گرووپی کیژانی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) دەستیپێکرد و یەکەم بەرهەم کە پێشکێشیان کرد، گۆرانیی 'خوایە وەتەن ئاواکەی' بوو کە بە هەزاران کەس ئامادەبوون.
 
سەرەتای فێستیڤاڵەکە کە لە شانۆی رۆمانی لە هەواری شار لە سلێمانی سازکرا، بەخێرهێنانی میوانانی فێستیڤاڵ لە رێگەی ڤیدیۆیەکی ژیریی دەستکرد بوو بە چەند زمانێکی جیاواز.
 
دواتر د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق و حەمەی حەمەسەعید حەسەن، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتاریان پێشکێشکرد و تیشکیان خستەسەر گرنگیی سازکردنی فێستیڤاڵەکە و ستایشی رۆڵی ئەو کەسایەتی و لایەنانە کرا کە رۆڵیان لە سازکردنی فێستیڤاڵەکە هەبووە، بەتایبەتیش بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق.
 
گرووپی کیژانی سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەک کچە ژەنیار و گۆرانیبێژ و بە رێبەرایەتی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی چەند بەرهەمێکی ناوچە جیا جیاکانی کوردستانیان پێشکێشکرد، سەرەتاش گۆرانی ‘خوایە وەتەن ئاواکەی’ پێشکێشکرد.
 
دواتر پەروین چەکار ، سوپرانۆی کورد چەند بەرهەمێکی ئۆپێرایی بە زمانی کوردی و ئیتاڵی بە ژەنینی هەردوو ئامێری پیانۆ و دودوک پێشکێش کرد. 
 
چاکار لە کۆنسێرتەکەدا بەرهەمێکی لەبارەی قوربانیانی هەڵەبجە پێشکێش کرد، هەروها شیعری هەردوو شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو پێشکێش کران.
 
تیپی نیشتمانی بۆ میوزیکی کولتووری عێراقی بە رابەرایەتیی عەلا مەجید، میوزسیانی عێراقی و بە میوانداریی هونەرمەند سەعدوون جابر و بەشداری ژمارەیەک گۆرانیبێژی دیکەی عێراقی، چەند بەرهەمێکیان پێشکێشکرد.
 
یەکێک لە بەرهەمەکانی پێشکێشکرا، پارجە میوزیکێکی میوزسیان نەسیر شەممە بوو کە خۆیشی لە نێو ئامادەبووانی فێستیڤاڵ بوو.
 
فێستیڤاڵەکە لە 8 تاوەکو 11ـی ئەیلوولی 2023 لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و چەندین کۆنسێرت و پانێڵی تایبەت بە هونەر لەخۆدەگرێت. 
 
لە 25ـی ئابی 2022 ئەو سۆپرانۆیە کوردە، کۆنسێرتێکی لە قەڵای هەولێر پێشکێشکرد کە لە چوارچێوەی زنجیرە کۆنسێرتەکانی ماڵی میوزیکی زەهاوی بۆ هونەرمەندان سازدەکرێت.
 
پەرڤین چاکار لە 1981 لە ماردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 2006 لە ئیتاڵیا خوێندنی ئۆپێرای دەستپێکردووە، ماستەری لە 'کۆنزێرڤاتۆری پێرووجیا مۆرلاچی' بەدەستهێناوە.
 
بڕیارە لە شەوی دووەم کە دەکاتە 9ـی ئەیلوولی  2023، گرووپی میوزیکی رەستاک، گرووپی میوزیکی خانمانی هارای و ئالیم قاسیمۆڤ و فەرغانە قاسیمۆڤا، هەردوو هونەرمەندی ئازەربێجانی، کۆنسێرت پێشکێش دەکەن. 
 
لە شەوی سێیەمدا، گرووپی مۆسیقای سلێمانی، هونەرمەند هەژار زەهاوی و گرووپەکەی و تیپی میوزیکی تەکات بەشدار دەبن و کۆنسێرت پێشکێش دەکەن. 
 
لە شەوی کۆتایی فێستیڤاڵدا لە 11ـی ئەیلوولی 2023، گرووپی میوزیکی میراز کۆنسێرتێک پێشکێش دەکات کە بەرهەمی کوردی و تورکی پێشکێش دەکەن، دواتر خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دابەش دەکرێن و کۆنسێرتی عەلیرەزا قوربانی، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی پێشکێش دەکرێت. 
 
بەیانی رۆژی شەممە 10ـی ئەیلولی 2023 چەند پانێلێکی هونەری بەڕێوەدەچن و سەرەتا گوتەی پێشەکی و بەخێرهاتن لەلایەن د. بروس فێرگسن، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی پێشکێش دەکرێت. 
 
دواتر عەلیرەزا قوربان، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی، عەلیم قاسمۆڤ، هونەرمەندی ناسراوی ئازەربێجانی، هونەرمەند نەسیر شەممە، هونەرمەند عەلا مەجید، هونەرمەند گۆران کامیل، هونەرمەند پەروین چاکار و هونەرمەند نەجات ئەمین لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی هونەر دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە