رووداو دیجیتاڵ
'ئاخێک بۆ نیشتمان' بەرهەمێکی نوێی لاوک و حەیرانە و هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن و بڕیارە ساڵی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە.
کاروان حەمید حەلاق میوزیکژن و گۆرانیبێژی کورد، بە رووداوی راگەیاند، ئەو لە باشووری کوردستانەوە بە ژەنینی میوزیک و گوتنی حەیران و لاوک، لەگەڵ هونەرمەندانی باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاڤای کوردستان بەشداربووە و کاریان بۆ بەرهەمێکی میوزیکی بەناوی 'ئاخێک بۆ نیشتمان' کردووە و بڕیارە ساڵی داهاتوو بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوبکرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکە لە ستۆدیۆ تۆمارکراوە و بافڵ سەرهەنگ کاری وێنەگترن و دەرهێنان بۆ ڤیدیۆکلیپەکە دەکات. گوتیشی "لە گەڵ چوار ژەنیاری بە توانا کارمان بۆ سارێژکردنی ئازارەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە".
کاروان حەمید روونیشیکردەوە "هەموو تاکێکی کورد لە گەڵ بوونی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤی ئاسایی، ئەندامێکی زیادەی هەیە، ئەویش ئێش و ئازاری کوردبوونە کە لە ناخی هەمو کوردێکی بە ئەمەک، بێ وەستان گەشە دەکات".
ئەو هونەرمەندە کوردە کە خەڵکی باشووری کوردستانە و دانیشتووی هۆڵەندایە، ئەوەشی خستەڕوو "بوونی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ غەیرە کورد لە تاراوگە، کێشەمان بۆ دروست دەکات، ئینجا پەیوەندی کار بێت یاخود پەیوەندی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، یان هەر پەیوەندییەکی دیکە بە هۆی لێکتێنەگەیشتن و تێنەگەیشتن لە ناخی هەر تاکێکی کورد".
وەک زۆربەی پرۆژە هونەرییەکانی دیکە، ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەش هەبووە و بەهۆی کێشەی گەشتکردن، بەرهەمەکە لە چوار ستۆدیۆی جیاواز تۆمارکراوە.
'ئاخێک بۆ نیشتمان' لە تێکستی کاروان حەمید حەلاقە و تێکهەڵکێشێکە لەگەڵ شیعرێکی وەفایی، شاعیری کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ