رووداو دیجیتاڵ
'مستەفا پاشای یاموڵکی تێکۆشەرێک لە پێناو دادپەروەری' بەڵگەفیلمێکی کوردییە و بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە ماوەی حەوت مانگدا بەشداری لە 36 فێستیڤاڵی فیلمدا لە 23 وڵاتی جیاوازدا کردووە و 29 خەڵاتی بەدەستهێناوە.
فیلمەکە باس لە مستەفا پاشای یاموڵکی دەکات کاتێک دەبێتە ئەندام و دواتر سەرۆکی دادگەی باڵای یەکی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ئیستەنبووڵ، بوێرانە دەست بۆ ئەو کەسانە دەبات کە دەستیان لە دۆسییەی جینۆسایدی گەلی ئەرمەندا هەبووە و دەیانهێنێتە بەردەم دادگە و سزایان دەدات.
ئەو بەڵگەنامانەی لەو دادگەیەدا دەستدەکەون، لەگەڵ قسەی شایەتحاڵەکاندا، یاموڵکی، هەمووی دەپارێزێت و بە مۆری دادگەوە دەیگەێنێتە پاتریاکی ئەرمەنی لە ئیستەنبووڵ، دواتریش دەبن بە بەڵگەی بەهێز و گرنگ لەبارەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان.
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی هۆرێن غەریب و هەردی قادرە و لەو بیست و نۆ خەڵاتەی بەدەستیهێناون، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم و باشترین دەرهێنانن، لەوانەش خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی ڤێتنام و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆرۆساوا لە ژاپۆن کە بەم دواییە بەدەستی هێناون.
هەردی قادر، دەرهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە فیلمەکەدا کار بۆ ئەوە کراوە مژارەکە بەشێوەیەکی جیاواز بخرێتەڕوو، ئەمەش وایکردووە فیلمەکە بۆ لیژنەکانی دادوەری جێی بایەخ بێت و خەڵاتی پێببەخشن.
لە ئایاری 2023 بەڵگەفیلمەکە بۆ فێستیڤاڵە سینەماییە نێوخۆیی و نیودەوڵەتییەکان نێردراوە و لە دەیان فێستیڤاڵدا وەرگیراوە و چووەتە بەشی پێشبڕکییەوە.
هەردی قادر، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی بەشی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداو، گرنگی زۆر بە مێژووی کوردستان دراوە، بەتایبەت ئەو مژارانەی کاریان لەسەر نەکراوە و ئەرشیفێکی کەمیان هەبووە.
'مستەفا پاشای یاموڵکی تێکۆشەرێک لە پێناو دادپەروەری' لە 2023 بەرهەمهاتووە و لە ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەکان، لە 24ـی نیسانی هەمان ساڵ، یەکەم پێشاندانی تایبەتی لە کەنیسەی ئەرمەنەکان لە عەنکاوەی هەولێر بۆ کراوە.
مستەفا پاشای یاموڵکی، لە 1866 لە سلێمانی لە دایکبووە و لە 1936 لە بەغدا کۆچی دواییکردووە، سەرکردەی سوپای عوسمانی، رۆژنامەڤان و وەزیری پەروەردە بووە لە حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموود.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ