رووداو دیجیتاڵ
لە 30یەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران لە سانتا مۆنیکای ولایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، خەڵاتەکان راگەیێندران، فیلمی "Anora" خەڵاتی باشترین فیلمی بردەوە، هەر لە رێوڕەسمەکەدا ستایشی رۆڵی کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە کرا لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی لۆس ئەنجلس و بەشێکیان لە رێوسمەکەدا ئامادەبوون.
ئەمساڵ بەهۆی رووداوی ئاگرکەتنەوە لە ئەمریکا، بەشێک لە چالاکییە هونەرییەکان دواخران، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران، یەکێک لەوان بوو و بڕیاربوو لە 12ـی کانوونی دووەمی 2025 سازبکرێت، بەڵام بۆ 7ـی شوباتی 2025 دواخرا.
چالسی هاندلێر، ئەکتەری ئەمریکی، پێشکێشکاری خولی ئەمساڵی رێوڕەسمەکە بوو و بەشێوەیەکی راستەوخۆ رێوڕەسمەکە پەخشکرا، ژمارەیەک ئەستێرەی سینەما و تەلەڤزیۆن تێیدا ئامادەبوون، لەوانەش ئەنجلینا جۆلی، ئەکتەری ئەمریکی.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە رۆڵی سەرەکیدا بۆ فیلم، بەخشرایە ئێدریان برۆدی، ئەکتەری ئەمریکی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "The Brutalist" و خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن لە رۆڵی سەرەکیدا بۆ فیلم، بەخشرایە دمی مۆڕ، ئەکتەری ئەمریکی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "The Substance".
لە بەشی بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکاندا، خەڵاتی باشترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی بەخشرایە زنجیرەی "Shōgun"، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی پیاو لە زنجیرەی دراماییدا بەخشرایە هیۆرۆکی سانادا، ئەکتەری ژاپۆنی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی ژن لە زنجیرەی دراماییدا بەخشرایە کاتی بێتس، ئەکتەری ئەمریکی.
کۆمەڵەی رەخنەگرانی ئەمریکا ساڵانە رێوڕەسمەکە سازدەکات کە بە گەورەترین کۆمەڵەی رەخنەگرانی بواری سینەما و تەلەڤزیۆن لەسەر ئاستی ئەمریکا و کەنەدا دەناسرێت، زیاتر لە 600 رەخنەگری بواری رۆژنامەڤانیی هونەری هەیە.
خەڵاتی هەڵبژاردی رەخنەگران، بە یەکێک لە گرنگترین خەڵاتەکانی ئەمریکا لە بواری سینەما و تەلەڤزیۆن هەژمار دەکرێت، بەر لە خەڵاتی ئۆسکار دابەش دەکرێت، براوەکانی ئەو خەڵاتە و هەریەک لە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و ئەکتەرانی شاشە، ئەگەری بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکاریان زیاتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ