ئەمڕۆ رۆمانێکی نوێی میران ئەبراهام بڵاودەبێتەوە

09-03-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو - هۆڵەندا

ئەمڕۆ لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان رۆمانی (خانەقای میرزا)ی میران ئەبراهام بڵاودەکرێتەوە. نووسەری رۆمانەکە دەڵێت، لە ئەمڕۆوە لەو دوو بەشەی کوردستان رۆمانە نوێیەکەی لەلایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپرەوە بەردەست دەکرێت.
 
خانەقای میرزا رۆمانێکی مێژوویی ریاڵیستییە. چیرۆکی رۆمانەکە لە ساڵی 1935ـەوە دەستپێدەکات و باسی چۆنێتیی گۆڕانکارییە ئەدەبی و سیاسییەکانی ئەو قۆناخەی کوردستان، بەتایبەتیش سەرهەڵدانی بیری چەپگەرا و بەدوایدا بیری نەتەوەیی دەکات.
 
میران ئەبراهام، نووسەری رۆمانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکانی نێو رۆمانە نوێیەکەی ئەوە باس دەکەن کە بەتایبەتی ئەو گۆڕانکارییانەی لەدوای کۆماری کوردستان لە مهاباد روویانداوە چی بوونە، "گێڕانەوەی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بەسەر کوردستاندا هاتن. بەتایبەتیش کردنەوەی یەکەمین کتێبخانە لە دەرەوەی خانەقا و تەکیە و مزگەوتەکان، کە دەتوانین وەکو رێنیسانسی کوردی ناوی بنێین."
 
ئەبراهام لە ساڵانی رابردوودا بە رۆمان و کۆمەڵە چیرۆکەکانی بووەتە جێی سەرنجی خوێنەران لە کوردستان. بەتایبەتیش رۆمانی (نیشتمانی سارا) لە ساڵی 2019، بووەتە یەکێک لە پڕخوێنەرترین رۆمانە کوردییەکان.
 
وەکو نووسەر باسی دەکات، "وەکو پاڵەوان، رۆمانی خانەقای میرزا تەنیا باسی کەسایەتییەک ناکات، بەڵکو وەکو کارەکتەر چەندین کەسایەتی خۆیان دێنە گۆ و بەر هەست و نەستیان و شێوازی ژیانیان دەکەوین. چیرۆکی سەردەمانێک کە نەک تەنیا فۆرم و شێوازی بیرکردنەوەی تاکەکانی گۆڕی، بەڵکو کاریگەریی هەبووە بەسەر رەوتی شۆڕش و دەستپێکی دەستنیشانکردنی شوناسی تاکی کورد."
 
لە بەشێکی رۆمانەکەدا چیرۆکی هەوڵەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادکردنی چوار ئەفسەری باشووری کوردستان دەگێڕێتەوە کە بەشدارییان لە کۆماری کوردستاندا کردبوو و پاش گەڕانەوەیان لەسێدارە دران.
 
لە رۆمانەکەدا هاتووە: ئەوەی ئەو رۆژە ناوی خۆی نەنووسی و واژۆی نەکرد بۆ ئازادکردنی ئەو چوار ئەفسەرە، کە بۆ پشتگیریی کۆماری مەهاباد چووبوون، فەرمانبەری پارێزگار و شارەوانی و پۆلیس و بازرگانەکان بوون، وەک ساڵانی پێشوو وەفدێک لە بەرژەوەندیخوازان پێکهێنرابوو، وەک دەمڕاستی خەڵکی سلێمانی قسەیان لەسەر پاشەڕۆژی ئەو چوار ئەفسەرە کرد. ئەو رۆژە بە پێشەوەی چایخانەکەی حەمەی بە کردا، لە ژێر قەسرەکەی تۆفیق قەزاز، لەسەر پارچە قوماشێکی سپی بە سوور نووسرابوو:
 
"دەک خەجاڵەت بن لە رووی مەحشەرا!
 
ئێمە خاکی غەم ئەکەین بە سەرا
 
ئێوەش ئەو عەرشەی بە خوێن گوڵڕەنگە
 
سوجدەی بۆ ئەبەن هیچ ناڵێن نەنگە
 
پیرەمێرد"
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە