لەندەن هونەری رەسەنی ئوسترالیا لە ئامێز دەگرێت

09-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئیمیلی کام کنگوارای
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمەکانی ئیمیلی کام کنگوارای، شێوەکاری رەسەنی ئوسترالیا، لە لەندەن دەخرێنەڕوو، ئامانجی بەرزکردنەوەی پێگەیەتی بۆ ئاستی شێوەکارانی جیهانی وەک جاکسن پۆلۆک و پابلۆ پیکاسۆ. 
 
کارەکانی ئیمیلی پەیوەندییەکی قووڵیان بە کولتوور و دابونەریتە ئایینییەکانەوە هەیە و بەرهەمەکانی لەسەر ئاوریشم نەخشێندراون. هەر یەکێکیان نەخشێکی هەڵگرتووە کە رەنگدانەوەی سرووشتی ئوسترالیایە. 
 
کێلی کۆل، سەرپەرشتیاری سەرەکیی پێشانگاکە، دەڵێت، ئەوەی لە کارەکاندا دەبیندرێت، کولتووری هونەرمەند خۆیەتی کە لەسەر ئەو تابلۆیانە نەخشێندراون. پەیوەندی بە ناسنامەی کولتووریی و خاکەکەیەوە هەیە. 
 
لە پێشانگەکەدا زیاتر لە 80 بەرهەمی هونەری خراونەتەڕوو کە لە 19 ساڵدا بەرهەمهێنراون.
 
کنگوارای سەر بە هۆزی ئانماتیێر لە ناوچەی ساندۆڤەری باکووری ئوسترالیایە. لە تەمەنێکی درەنگدا دەستی بە کاری هونەری کرد و یەکەم بەرهەمی لە هەشتەکانی سەدەی بیستەم بڵاوکردەوە، بەڵام ئەم کارانە تەنیا درێژکراوەی کولتوور و شێوازی ژیانی بوون. 
 
هەندێک لە کارەکانی رەنگدانەوەی ئاژەڵ و رووەکەکانی نیشتمانی باوباپیرانیەتی، هەندێکی دیکەشیان لەو نەخشانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە خۆی و ژنانی دیکە پێش رێوڕەسمەکان لەسەر جەستەیان نەخشاندووە.
 
کنگوارای، لە 1996 کۆچی دوایی کردووە، بەڵام کارەکانی بەردەوامن لە ئیلهامبەخشین بە هونەرمەندانی دیکەی ژن لە ئوسترالیا. لە کاتێکدا لەوێ ناوبانگێکی زۆری هەیە، زیاتر لە سێ لەسەر چواری ئەو کارانەی لە پێشانگەکەدا نمایشکراون، پێشتر هەرگیز لە ئەوروپا پێشان نەدراون.
 
بڕیارە پێشانگەکە رۆژی هەینی 10ـی تەممووزی 2025 بکرێتەوە و تاوەکو 11ـی کانوونی دووەمی 2026 لە گالێری تەیتی مۆدێرن لە لەندەن بەردەوام دەبێت.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە