رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، دووەم رۆژی یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) بەڕێوەدەچێت، یەکەم کۆنسێرت تێیدا گرووپی رەستاک کۆنسێرتێک پێشکێش دەکات.
ئەو گرووپە میوزیکییە کە زیاتر لە 25 ساڵە چالاکی هەیە، یەکەمجار نییە کۆنسێرت لە کوردستان سازدەکات، پێشتریش کۆنسێرتی دیکەی لە هەولێر هەبووە. ئەندامانی ئەو گرووپیە میوزیکییە لە نەتەوە جیا جیاکانن و بەرهەم بە زمانی کوردی، فارسی و زمانی دیکە پێشکێش دەکەن.
هەڵکەوت چەلەبی، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە لە شەوی دووەمی فێستیڤاڵ کە دەکاتە 9ـی ئەیلوولی 2023، جگە لە کۆنسێرتی گرووپی میوزیکی رەستاک کە کاژێر 7ـی ئێوارە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، گرووپی میوزیکی خانمانی هارای لە کاژێر 8ـی ئێوارە و ئالیم قاسیمۆڤ و فەرغانە قاسیمۆڤا، هەردوو هونەرمەندی ئازەربێجانی کە کاژێر 9ـی شەو، کۆنسێرت پێشکێش دەکەن.
ئاماژی بۆ ئەوەشکرد، هەروەها بڕیارە لە شەوی سێیەمدا کە دەکاتە 10ـی ئەیلوولی 2023، گرووپی مۆسیقای سلێمانی، هونەرمەند هەژار زەهاوی و گرووپەکەی و تیپی میوزیکی تەکات بەشداربن و کۆنسێرت پێشکێش بکەن.
لە شەوی کۆتایی فێستیڤاڵدا لە 11ـی ئەیلوولی 2023، گرووپی میوزیکی میراز کۆنسێرتێک پێشکێش دەکات کە بەرهەمی کوردی و تورکی پێشکێش دەکەن، دواتر خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دابەش دەکرێن و کۆنسێرتی عەلیرەزا قوربانی، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی پێشکێش دەکرێت.
بەیانی رۆژی شەممە 10ـی ئەیلولی 2023 چەند پانێلێکی هونەری بەڕێوەدەچن و سەرەتا گوتەی پێشەکی و بەخێرهاتن لەلایەن د. بروس فێرگسن، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی پێشکێش دەکرێت.
دواتر عەلیرەزا قوربان، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی، عەلیم قاسمۆڤ، هونەرمەندی ناسراوی ئازەربێجانی، هونەرمەند نەسیر شەممە، هونەرمەند عەلا مەجید، هونەرمەند گۆران کامیل، هونەرمەند پەروین چاکار و هونەرمەند نەجات ئەمین لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی هونەر دەکەن.
فێستیڤاڵەکە لە 8 تاوەکو 11ـی ئەیلوولی 2023 لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و چەندین کۆنسێرت و پانێڵی تایبەت بە هونەر لەخۆدەگرێت.
شەوی رابردوو 8ـی ئەیلوولی 2023 بە کۆنسێرتێکی گرووپی کیژانی سلێمانی، چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) دەستیپێکرد و یەکەم بەرهەم کە پێشکێشیان کرد، گۆرانیی 'خوایە وەتەن ئاواکەی' بوو و بە هەزاران کەس لە شانۆی رۆمانی ئامادەبوون.
دواتر پەروین چەکار ، سوپرانۆی کورد چەند بەرهەمێکی ئۆپێرایی بە زمانی کوردی و ئیتاڵی بە ژەنینی هەردوو ئامێری پیانۆ و دودوک پێشکێش کرد.
چاکار لە کۆنسێرتەکەدا بەرهەمێکی لەبارەی قوربانیانی هەڵەبجە پێشکێش کرد، هەروها شیعری هەردوو شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو پێشکێش کران.
تیپی نیشتمانی بۆ میوزیکی کولتووری عێراقی بە رابەرایەتیی عەلا مەجید، میوزسیانی عێراقی و بە میوانداریی هونەرمەند سەعدوون جابر و بەشداری ژمارەیەک گۆرانیبێژی دیکەی عێراقی، چەند بەرهەمێکیان پێشکێشکرد.
یەکێک لە بەرهەمەکانی پێشکێشکرا، پارجە میوزیکێکی میوزسیان نەسیر شەممە بوو کە خۆیشی لە نێو ئامادەبووانی فێستیڤاڵ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ