رووداو دیجتیتاڵ
نوێترین بەرهەمی رزگار حەمەرەئووف، هونەرمەند و شمشاڵژەن، کەڤەرکردنی میوزیکی گۆرانیی 'جوانێ گیان'ـی هونەرمەند محەممەد ماملێیە.
رزگار حەمەرەئووف، بە رووداوی راگەیاند "ئەم بەرهەمە لە ئاوازی هونەرمەند و مامۆستا محەممەد ماملێیە و یەکێکە لە میلۆدییە جوانەکانی ئەو هونەرمەندە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بۆ ئەوەی بەردەوام ئەم میلۆدییە جوانانە لە بیر و هزرماندا بمێننەوە، ئەرکی سەرشانی ئێمەی میوزیسیانە کار لەسەر ئەم جۆرە بەرهەمانە بکەین و دووبارە کاری دابەشکردنی میوزیکیان بۆ بکەین".
کاری میوزیک، دابەشکردن، ریکۆرد، میکس و ماسترینگی لەلایەن رزگار حەمەرەئووفەوە بۆ کراوە، کاردین عەزیز کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپە کردووە.
رزگار حەمەرەئووف، ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئێستا سەرقاڵی کەڤەرکردنی میوزیکی گۆرانیی چەند هونەرمەندێکی رەسەنە و لە داهاتوودا بڵاویان دەکاتەوە.
گوتیشی، ئەلبوومێکی میوزیکی ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە و بە دوای سپۆنسەردا دەگەڕێت، لە 16 تراک پێکدێت و دوو تراکی بەشێوەی ئۆرکێسترایی بەرهەمهاتوون.
رزگار حەمەرەئووف، خەڵکی کەرکووکە، لە 1984 دەستی بە کاری هونەری کردووە و سەرەتا ئاواز و میوزیکی بۆ بەرهەمە شانۆییەکان داناوە، بۆ ماوەیەک لە چەمچەماڵ ژیاوە و لە دامەزراندنی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی ئەو شارۆچکەیە بەشداربووە و بەشی میوزیکی بەڕێوەبردووە و چەندین چالاکییان ئەنجامداوە.
ئەو هەنەرمەندە دوو گۆرانی بە دەنگی خۆی بەناوەکانی 'خەمەکانی من و دڵبەند' و 'دابڕان' لە 1994 و 1996 بڵاوکردووەتەوە، دواتر وەک ژەنیاری ئامێرە فودارەکان درێژەی بە کاری هونەری داوە.
ئەو میوزسیانە میوزیکی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندان ژەنیوە، لەوانە بەهجەت یەحیا و سەڵاح داودە و خاوەنی پێنج ڤیدیۆکلیپی میوزیکییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ