رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، هونەرمەند هەژار زەهاوی، لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی کە ئەندامانی گەنجن، گوڵبژێرێک لە بەرهەمی ناوچە جیا جیاکانی کوردستان لە یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (ئاوازی گەلان) پێشکێش دەکات.
کۆنسێرتەکە کاژێر 08:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شانۆی رۆمانی لە هەواری شار لە سلێمانی سازدەکرێت و هاوتن بۆ کۆنسێرتەکە بە بلیتە.
هەژار زەهاوی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ ئاوازی گەلان، شتێکی هاوچەرخە و گرنگە بۆ سلێمانی و بۆ کوردستان، ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و گەلانی دیکە بەشدارن. گوتیشی: "فێستیڤاڵەکە گرنگە و لە کیسی خۆتانی مەدەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی ژەنیار و گۆرانیبێژ چوار تراک پێشکێش دەکەن و پێشتر لەگەڵ ئەو گرووپە چەند جارێکی دیکە پێکەوە کاریان کردووە.
جگە لەو کۆنسێرتە کاژێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ گرووپی مۆسیقای سلێمانی و کاژێر 09:00ـی ئەمڕۆ تیپی میوزیکی تەکاتی سوریا کۆنسێرت لە شانۆی رۆمانی پێشکێش دەکەن.
شەوی رابردوو گرووپی میوزیکی رەستاک، گرووپی میوزیکی خانمانی هارای و عەلیم قاسیمۆڤ و فەرغانە قاسیمۆڤا، هەردوو هونەرمەندی ئازەربایجانی کۆنسێرتیان سازکرد.
فێستیڤاڵەکە لە 8 تاوەکو 11ـی ئەیلوولی 2023 لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و چەندین کۆنسێرت و پانێڵی تایبەت بە هونەر لەخۆدەگرێت.
لە شەوی کۆتایی فێستیڤاڵدا لە 11ـی ئەیلوولی 2023، گرووپی میوزیکی میرازی باکەوری کوردستان کۆنسێرتێک ساز دەکەن کە بەرهەمی کوردی و تورکی پێشکێش دەکەن، دواتر خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دابەش دەکرێن و کۆنسێرتی عەلیرەزا قوربانی، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی پێشکێش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 10ـی ئەیلولی 2023 چەند پانێڵێکی هونەری بەڕێوەدەچن و سەرەتا گوتەی پێشەکی و بەخێرهاتن لەلایەن د. بروس فێرگسن، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی پێشکێش دەکرێت.
دواتر عەلیم قاسمۆڤ، هونەرمەندی ناسراوی ئازەربایجانی، هونەرمەند نەسیر شەممە، هونەرمەند عەلا مەجید، هونەرمەند گۆران کامیل، هونەرمەند پەرڤین چاکار و هونەرمەند نەجات ئەمین لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی هونەر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ