ستیفانۆ بێنی یەکێک لە دیارترین دەنگە ئەدەبییە هاوچەرخەکانی ئیتاڵیا کۆچی دواییکرد

10-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن ستیفانۆ بێنی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ستیفانۆ بێنی، نووسەر و شانۆکاری ناسراوی ئیتاڵی کە پێگەیەکەی گرنگی لە ئەدەبی هاوچەرخدا هەیە، رۆژی سێشەممە، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
بێنی، بە قەڵەمە بوێر و خەیاڵییەکەی، توانی کۆمیدیا و شیعر، گاڵتەجاڕیی کۆمەڵایەتی و داهێنانی فانتازی تێکەڵ بکات و نەوە دوای نەوەی خوێنەران و بینەران بە خۆیەوە سەرسام بکات. کۆچی دوایی ئەو کۆتایی بە قۆناخێکی تەواو دێنێت و بۆشاییەک جێدەهێڵێت. ئەو تەنیا گێڕەرەوەی چیرۆک نەبوو، بەڵکو دروستکەری خەیاڵی بەکۆمەڵ بوو و توانای هەبوو بە شێوازی جیاواز قسە لەگەڵ جەماوەری جیاوازدا بکات.
 
لە رۆژنامەڤانییەوە بۆ تەنزی ئەدەبی
ستیفانۆ بێنی لە 1947 لە شاری بۆلۆنیا لەدایکبووە و یەکەم هەنگاوەکانی لە بواری رۆژنامەڤانیدا ناوە. زۆری نەخایاند بە شێوازە تەنزئامێز و کتوپڕەکەی خۆی سەلماند کە توانای دەرخستنی ناکۆکییەکانی کۆمەڵگەی ئیتاڵی هەبوو. لە وتار و ستوونەکانیدا تێبینی وردی بۆ ئێستا و نیگایەکی یاخیانەی لەگەڵیدا ئاوێتە دەکرد، بەمەش رێگەی بۆ ئەو تایبەتمەندییە خۆش کرد کە دواتر بووە نیشانەی دیاری کارەکانی.
 
وەرچەرخانی بێنی بەرەو ئەدەبی تەنزئامێز و گاڵتەجاڕی لە رێگەی رۆمانی (بار سپۆرت - Bar Sport) بوو کە لە 1976 بڵاوکرایەوە، تا ئەمڕۆش وەک سەرچاوەیەکی گرنگ تەماشا دەکرێت. 
 
رۆمانە کاریگەرەکان
لە ساڵانی دواتردا، بێنی ناوبانگی خۆی بە رۆمانگەلێک زیاتر کرد کە تەنزی سیاسی، فانتازیای خەیاڵی و رەخنەی کۆمەڵایەتییان تێکەڵ دەکرد. رۆمانی (زەوی! - !Terra) کە لە 1983 بڵاوکرایەوە، پێش بەشێکی زۆر لە بابەتەکانی خەیاڵی زانستیی ژینگەیی کەوتبوو کە مرۆڤایەتییەک وێنا دەکات رووبەڕووی سنوورەکانی هەسارەکەی و نیگەرانییەکانی دەسەڵات دەبێتەوە.
 
لە رۆمانی (کۆمپانیای چێلێستینی - La compagnia dei Celestini) کە لە 1992 بڵاوکرایەوە، داستانی وەرزشی و بینینی خەوناوی تێکەڵ کرد و یارییەکی تۆپی پێی کردە چیرۆکێکی هێمایی لەبارەی هیوا و بەرەنگاربوونەوەی ستەم.
 
کتێبەکانی ستیفانۆ بێنی بۆ زیاتر لە 30 زمان وەرگێڕدراون و دەنگیان سنوورەکانی ئیتاڵیا تێپەڕاندووە و کردوویانە بە یەکێک لە جیهانیترین نووسەرانی ئەدەبی ئیتاڵی.
 

شانۆ و دیدارە دیارەکانی
هاوشانی رۆمان، بێنی بە جددی لە بواری شانۆدا کاری دەکرد و کاری هاوبەشی لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی وەک داریۆ فۆ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات لە 1992 و فرانکا رامێی هاوژینی هەبوو.
 
شانۆ بۆ ئەو تەنیا سەکۆیەک نەبوو، بەڵکو تاقیگەیەک بوو بۆ ئەزموونکردنی زمان و سیاسەت. تەنز لە دەقە شانۆییەکانیدا راستەوخۆتر و توندتر بوون، رووبەڕووی دەسەڵات، پێشوەچوون و دووڕوویی کۆمەڵایەتی دەبووەوە.
 
کاریگەریی کولتووری
لە ساڵانی کۆتاییدا، بەهۆی نەخۆشییەکەوە کە تەنانەت لە قسەکردنیشی خستبوو، ستیفانۆ بێنی لە ژیانی گشتی دوورکەوتەوە، بەڵام بەرهەمەکانی بەردەوام بوون لە بڵاوبوونەوە و لەلایەن نەوەی نوێوە دەخوێنرێنەوە و خۆشەویستن. بۆ بەشێکی زۆر لە گەنجان، بێنی دەروازەیەک بوو بۆ ئەدەبێک کە بتوانێت چێژ و بیرکردنەوە پێکەوە پێشکێش بکات.
 
مردنی ئەو نەک تەنیا بۆشاییەکی ئەدەبی، بەڵکو کولتووریش بەجێدەهێڵێت؛ بێنی ببووە ویژدانێکی تەنزئامێزی ئیتاڵیا و ئاوێنەیەکی شێواو، بەڵام راستی دەرخەر بوو.
 

کتێب و دەقی شانۆیی
ستیفانۆ بێنی میراتێکی دەوڵەمەند لە کتێب، دەقی شانۆیی و وتار جێدەهێڵێت کە توانیویانە بە زیرەکی و تەنزەوە باسی ئیتاڵیا بکەن. ئەو نووسەرێک بوو کە توانای هەبوو قسە لەگەڵ دڵ و لەگەڵ مێشکدا بکات، خوێنەر پێبکەنێنێت و بیخاتە بیرکردنەوە.
 
لە وڵاتێکدا کە هێشتا پێویستی بە دەنگی رەخنەگرانە و داهێنەرانە هەیە، یادی ستیفانۆ بێنی زۆر دەکرێت، بەڵام میراتەکەی لە کتێبەکانیدا، لەسەر ئەو شانۆیانەی کە وشەکانیان لەخۆگرتووە و لە یادەوەری هەموو ئەوانەی لە رێگەی چیرۆکەکانییەوە فێربوون؛ بە چاوێکی تەنزئامێزتر و ئازادترەوە سەیری جیهان بکەن، زیندوو دەمێنێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە