رووداو دیجیتاڵ
شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا لە رۆژانی 17 تا 19ـی ئەم مانگە، میوانداری دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دەکات، تێیدا 22 فیلمی کوردی هەڵبژێردراو لە نێو 200 فیلم؛ نمایش دەکرێن.
فێستیڤاڵەکە بە دروشمی (زمانی دایک) بەڕێوەدەچێت و تیشک دەخاتە سەر رۆڵی ژن لە گێڕانەوەی چیرۆکە کوردییەکاندا، هەروەها ئامانجی سەرەکی ناساندنی چیرۆک و کولتووری کوردییە بە جیهان.
فیلمە بەشداربووەکان ژانری جیاوازی وەک فیلمی درێژ، کورتەفیلم و بەڵگەفیلم لەخۆدەگرن.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن کۆمەڵەی کولتووریی کوردی-کەنەدی رێکدەخرێت، پشتگیریی کەسایەتییە باڵاکانی کەنەدای بەدەستهێناوە، لەوانە مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا؛ دەیڤد ئێبی، سەرۆکی هەرێمی بریتش کۆلۆمبیا؛ و کێن سیم، سەرۆکی شارەوانیی ڤانکۆڤەر، کە ئەم پشتیوانییە وەک بەفەرمی ناساندنێکی کولتووری کوردی لە کەنەدا دەبینرێت.
رێکان سەیدا، بەڕێوەبەری کاروباری هونەریی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ڤانکۆڤەر، بە رووداوی راگەیاند، پشتگیریی ئەم کەسایەتییە باڵایانە هاندانێکی زۆر گەورە بووە بۆیان.
گوتیشی: "پشتگیریی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، سەرۆکی هەرێمی بریتش کۆلۆمبیا و سەرۆکی شارەوانیی ڤانکۆڤەر بۆ ئەم خولە؛ بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، هەروەها پلانی زۆرباشمان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو بۆ ئەوەی توانای زۆر باشترمان هەبێت".
سەیدا ئاماژەی بەوەشدا کە شاری ڤانکۆڤەر بە (هۆڵیوودی دووەم) ناسراوە. گوتیشی: "بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە فێستیڤاڵێک بە ناوی کورد، کولتوور و چیرۆکە کوردییەکان لەوێ بێت و بە ستانداردێکی جیهانی فیلمەکان پێشان بدەین".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ فێستیڤاڵە کوردییەکانی دیکە، وەکو فێستیڤاڵی سلێمانی و دهۆک، رێرکان سەیدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان زۆر باشە و هیوای سەرکەوتن بۆ هەر فێستیڤاڵێکی دیکەی هونەریی کوردی دەخوازن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ