رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی (The Perfect Neighbor) لە دەیەمین رێوڕەسمی ساڵانەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی هەڵبژاردەی رەخنەگران بۆ بەڵگەفیلم، بووە براوەی گەورە و پێنج خەڵاتی بەدەستهێنا.
رێوڕەسمەکە شەوی یەکشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2025، لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو، تێیدا بەڵگەفیلمی (The Perfect Neighbor) خەڵاتەکانی باشترین بەڵگەفیلم، باشترین دەرهێنەر بۆ جیتا غاندبیر، باشترین مۆنتاژ، باشترین بەڵگەفیلمی ئەرشیڤی و باشترین بەڵگەفیلمی تاوانی راستەقینەی بەدەستهێنا.
لە رێوڕەسمەکەدا کە لە هۆڵی ئێدیسۆن بۆڵروم بەڕێوەچوو، هەریەک لە فیلمەکانی (Mr. Scorsese ،Ocean With David Attenborough) و (Orwell: 2+2=5) دوو خەڵاتیان بردەوە. هەروەها بەڵگەفیلمی (My Mom Jayne: A Film by Mariska Hargitay) خەڵاتی باشترین یەکەم بەڵگەفیلمی بەدەستهێنا.
هاوکات، کێن بێرنز، بەرهەمهێنەری ناسراوی بەڵگەفیلم، بە خەڵاتی کاریگەریی هەڵبژاردەی رەخنەگران رێزی لێنرا.
رێوڕەسمەکە لەلایەن ئاسیف ماندڤییەوە پێشکێشکرا و چەندین ئەستێرەی ناسراو وەک بێن ستیلەر، ماریسکا هارگیتای، کوێستلاڤ و چەندانی دیکە خەڵاتەکانیان دابەش کرد.
کریستۆفەر کامپبێڵ، جێگری سەرۆکی بەشی بەڵگەفیلم لە کۆمەڵەی هەڵبژاردەی رەخنەگران، رایگەیاند: "لە دەیەمین ساڵیادماندا، هونەری گێڕانەوەی بەڵگەفیلم لە هەموو کاتێک گرنگتر و زیندووترە. فیلمسازانی ئەمساڵ، لە رێگەی داهێنان و بوێرییانەوە، نیشانیان دا کە بەڵگەفیلم چەندە دەتوانێت بەهێز بێت لە داڕشتنی تێڕوانینی ئێمە بۆ جیهان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ