رووداو دیجیتاڵ
بە راخستنی فەرشی سوور و بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەی دادوەری، ئەکتەر و دەرهێنەرانی بەشدار؛ 12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەستیپێکرد.
خولی ئەمجارەی فێستیڤاڵەکە بە فیلمێکی کوردی بە ناوی (مامی من جێنس - My Uncle Jens) دەستیپێکرد، کە فیلمەکە لە ژانری کۆمیدی-درامایی. چیرۆکی فیلمەکە باس لە گەنجێکی کورد دەکات کە لە رۆژئاواوە دەگەڕێتەوە کوردستان بۆ دۆزینەوەی دایکی.
فیلمەکە لە دەرهێنانی بروا وەهابپوورە، کە دەرهێنەرێکی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە نەرویج دەژی. لەبارەی فیلمەکەی گوتی: "زۆر جێگەی شانازییە بۆ ئێمە، پێشتر کورتە فیلمم لێرە نمایش کراوە، بەڵام نەمتوانیوە بەداخەوە لێرە بم. ئەوە یەکەمجارمە لێرەم لەگەڵ فیلمێک و دەتوانم نمایشی بکەم و قسەشی لەسەر بکەم".
پەیمان عەزیزپوور، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکەیە و لەبارەی بەشداریی لە فیلمەکەدا بۆ رووداو گوتی:"شتێک کە زۆر گرنگ بوو بۆ من لەو کارەکتەرەدا، ئەو بوو کاک بڕوا باسی کرد لەبارەی ئەو زەمانەدا کە چەندە سەختە بۆ ئەو. وەکو بڵێی چون پەنابەرە، بە منداڵییەوە لە نەرویج گەورە بووە، ناسنامەی خۆی بناسێنێ، خۆی جیاکاتەوە لە کولتووری نەرویج و لە نەرویجەوە".
لە 12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، 110 فیلم لە 37 وڵاتی جیاوازەوە نمایش دەکرێن. لەو ژمارەیە 65 فیلمیان بیانی و 45 فیلمیش کوردین.
حەسەن عارف، گوتەبێژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لەبارەی فیلمە بەشداربووەکان گوتی: "ئەو فیلمانەی بۆ ئەم خولە هەڵبژێردراون بەڕاستی زۆر زۆر باشن، دەبنە جێگەی دڵخۆشیی بینەر بە شێوەیەکی گشتی. ئێمە هیوامان ئەوەیە ساڵانی داهاتوو فیلمی باشتر هەبن و بەشدار بن. نەوەک بەتەنیا فیلمی کوردی، بەڵکو ئێمە حەز دەکەین بەڕاستی فیلم لەلایەن خۆمانەوە بەرهەم بهێنرێن، دەرهێنەرانی خۆمان لە دهۆک فیلم دروست بکەن، بەشداریی فێستیڤاڵەکە بکەن و خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بەدەست بهێنن".
دابەشبوونی فیلمە کوردییەکان بەسەر پارچەکانی کوردستاندا بەم شێوەیەیە، 10 فیلم لە باشووری کوردستان، فیلم لە باکووری کوردستان، سێ فیلم لە رۆژئاوای کوردستان و 17 فیلم لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە کۆی فیلمە بەشداربووەکان، 26 فیلم لە بەشی پێشبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکان. بڕیارە چالاکییەکانی فێستیڤاڵ تاوەکو 16ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت. ئەمساڵ ئیسپانیا وەک وڵاتی میوان لە فێستیڤاڵەکەدا دەستنیشان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ