رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی رێزگرتن له پێگەی هونەریی عوسمان محەممەدی، ژه‌نیاری کورد، ناسراو بە "عوسمانە سوور" لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
رێوڕەسمەکە کاژێر 7:00ـی ئیوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2024 بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هۆڵی ئیداره‌ی رۆشنبیری و هونه‌ری بۆکان بەڕێوەدەچێت و رێزلێنانە لە 65 ساڵ ژه‌نیاری و پێشکێش‌کردنی میوزیکی داهێنەرانە و هه‌رمان، به پاڵپشتی ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری ناحکومی 'ئاوای زیره'.
چالاکییەکە به بەڕێوەبەرایەتیی هونەریی مه‌نووچێهر جیهانی، رۆژنامەڤان و لێکۆڵەری میوزیک لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بە روانگەی "گێڕانەوەیه‌ک له ژیانی مامۆستایانه" لە تەمەنێک چالاکییە هونەرییەکانی عوسمان محەممەدی سازدەکرێت.
عوسمان محەممەدی (84 ساڵ) براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە باشترین ژه‌نیار و میوزیکژەن لە فێستیڤاڵە نێوده‌وڵه‌تیی میوزیک و رێوڕەسمە فۆلکلۆرییە نەریتییەکاندا لە رووسیا، کرواتیا و جۆرجیا.
هەر لە رێورەسمەکەدا، به‌ڵگه‌فیلمێک لەبارەی ژیانی هونەریی و لێکدانه‌وه و پێداچوونەوە بۆ بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە پێشاندەدرێت، جگە لە چەند پارچە میوزیکێک بە ژنینی ئامێری نەی و تەپڵی کوردی و هەڵپەڕکێی کوردی پێشکێش دەکرێن.
عوسمان محەممەدی، بە یەکێک لە هه‌ره دیارترین ژه‌نیاره‌کانی ئامێری نه‌رمه‌نەی لەسەر ئاستی کوردستان و ئێران دەناسرێت و لە 1940 لە گوندی قەرەکەند سه‌ر به شاری بوکان لەدایکبووە، لە تەمەنی نەوجەوانیدا لە ژێر کاریگەریی شمشاڵی قادر عەبدوڵڵازادە "قاله مه‌ڕە" فێری ئەو ئامێرە بووە، دوای ئەوەی 'قاله مه‌ڕە' شمشاڵێکی بۆ دەکڕێت، پاشان رووی کردووەته ژه‌نیاریی ئامێری دووزه‌له، دوای ئه‌وه‌ی لێهاتوویی و شاره‌زایی له ژه‌نینی دووزه‌له‌دا پەیداکرد، به شێوه‌ی پیشه‌یی خه‌ریکی فێربوونی نه‌رمه‌نه‌ی بوو.
دواتر رووی لە باشووری کوردستان کردووە و ژه‌نیاریی مه‌قامه‌کانی خۆجێی ناوچه‌که له لایه‌ن حه‌سه‌ن نه‌ی له شاری سلێمانی فێر بووە، لە 1966 چالاکی هونه‌ریی خۆی به هاوکاری هونەرمەندانی ناوچەی مۆکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان ده‌ستپێکردووە و لەگەڵ هونەرمەندانی وەک حەسەن زیرەک، عەلی خەندان، عەبدوڵڵا هووشمەند 'عه‌به ده‌ڕژێ'، سەید عەلی رەحیم پوور 'سەردەشتی'، سەید ئیبراهیم سەقزی دەستی بە کار و چالاکیی هونەری کردووە.
"عوسمانە سوور" بەرهەمی زۆری هەیە، لەوانە کۆنسێرت و ئاهەنگی تایبەت لەگەڵ گۆرانیبێژان، لە 2001 دوو ئەلبوومی میوزیکی بە ناوی 'گۆڵی' و 'هه‌ژان' بە دەنگی هونەرمەند خه‌بات مولوودی تۆمار و بڵاوکردەوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە ئێستا دانیشتووی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و له رێگەی پێشکێش‌کردنی به‌رنامه‌ی هونه‌ری، بژیوی ژیانی خۆی دابین ده‌کات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ