مەم ئارارات یەکێک لە بەرهەمەکانی لە دوایین کۆنسێرتی لە ئیستەنبووڵ بڵاودەکاتەوە

11-06-2023
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەم ئارارات، هونەرمەندی باکووری کوردستان، لە 28ـی نیسانی 2023 کۆنسێرتێکی بۆ هەوادارانی لە ئیستەنبووڵی تورکیا سازکرد و شەوی رابردوو یەکێک لە بەرهەمەکانی لە کۆنسێرتەکەدا پێشکێشكردووە، بە شێوەی ڤیدیۆ بڵاویکردەوە.
 
لە کۆنسێرتەکەدا هونەرمەند گوڵبژێرێک گۆرانی پێشکێشکردبوو، یەکێک لەوانە گۆرانی 'چیچکێ' بوو کە بەرهەمێکی فۆلکلۆریی ناوچەی بۆتانە و پێشتر لەلایەن چەند هونەرمەندێکی دیکە گوتراوە و لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
ژمارەیەکی بەرچاو لە هەوادارانی ئەو هونەرمەندە لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوون و بە بیستنی گۆرانییەکە دڵخۆش دیاربوون و بەشێکیان لە رێگەی مۆبایلەکانیان دیمەنی نێو کۆنسێرتەکەیان تۆمار دەکرد.
 
مەم ئارارات، لە 19ـی نیسانی 2023 نوێترین بەرهەمی 'سێڤا سوور' بۆ هەوادارانی بڵاوکردەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری هەیە. گۆرانییەکە لە تێکست و ئاوازی مەم ئاراراتە و هەر خۆیشی کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆی کردووە.
 
هەروەها لە 26ـی ئاداری 2023 بەرهەمێکی بەناوی 'ل هیڤیا بارانێ' بڵاوکردەوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن و 320 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
مەم ئارارات، لە 1981 لە گوندی گرکێ شێخێ لە ناوچەی دێرکی چیای مازی لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بە پاڵپشتی هاوڕێکانی بەناوی 'قولنگ ئەور و باران' لە 2013 بڵاوکردەوە.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە تاوەکو ئێستا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە ئەلبوومی 'قولنگ ئەور و باران'، ئەلبوومی 'کوردیکا' لە 2016، 'خەونا باژارەکی' لە 2018، 'نیشتمان' لە 2019 و 'پەسنا ئەڤینێ' لە 2020 بڵاوکردووەتەوە.
 
مەم ئارارات، بەشێک لە بەرهەمەکانی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'پاییز'، 'زۆزان'، 'خاترخوەستن'، 'چیچەکێ'، 'ژ ئێڤارەکا ئامادێ'، 'ئەڤینا دوو چیا' و 'دلۆ ئەز بمرم'.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە