رووداو دیجیتاڵ
فیلمی "شاردنەوەی سەدام" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، لە دوای ئەوەی زیاتر لە 200 هەزار بینەری لە سینەماکانی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی هەبوو، بڕیارە دووبارە لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشانبدرێتەوە.
هەڵکەوت مستەفا بە رووداو راگەیاند، سینەماکانی کوردستان پێشنیازی دووبارە پێشاندانی فیلمی "شاردنەوەی سەدام" لە جەژنی رەمەزان لە سینەما کردووە و ئەو خۆشحاڵە فیلمەکە بووەتە جێی سەرنجی بینەران و جارێکی دیکە لە سینەما پێشاندەدرێتەوە.
بڕیارە فیلمەکە لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر، ستی سینەما لە سلێمانی و سینەما ماکس لە دهۆک مۆڵ، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا پێشانبدرێتەوە.
پێشاندانی فیلمەکە لە سینەماکانی کوردستان و وڵاتانی عەرەبیدا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کراوە و کۆمپانیای "هەنێ"، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمی هێناوە.
یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیا بوو و لە چەندین وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ