پاراماونت پڵەس نرخی بەشداریی مانگانەی بەرزدەکاتەوە

12-11-2025
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای پاراماونت پلانی هەیە لە سەرەتای 2026 نرخی خزمەتگوزاریی ستریمینگی پاراماونت پڵەس بەرزبکاتەوە، ئەمەش دوای وەبەرهێنانێکی گەورە دێت لە ناوەڕۆکی نوێدا، بەتایبەتیش دوای بەدەستهێنانی مافی پەخشی رووداوەکانی (UFC).
 
دەیڤد ئێلیسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، لە نامەیەکدا بۆ وەبەرهێنەران لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا رایگەیاند، گەشەپێدانی ئەم بەشەی کۆمپانیاکە "کاری لەپێشینەیانە". هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە 2026ـدا زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلاری زیادە لە بەرنامەسازی و ناوەڕۆکدا خەرج دەکەن، کە مافی پەخشی (UFC)، بەرهەمە ئۆرجیناڵەکانی پاراماونت پڵەس و کڕینی مافی پەخشی بەرهەمی لایەنی سێیەم دەگرێتەوە.
 
ئێلیسن لە نامەکەیدا دەڵێت: "وەبەرهێنانە بەردەوامەکانمان لە پاراماونت پڵەس، ئەو بەهایەی پێشکێش بە بەکارهێنەرانی دەکەین، زیاتر دەکات. بۆ پاڵپشتیی ئەم وەبەرهێنانە بەردەوامە، پلانمان هەیە لە سەرەتای چارەکی یەکەمی ساڵی 202ـدا نرخەکان لە ئەمریکا بەرز بکەینەوە، هەروەها بەم دواییانەش گۆڕانکاریی لە نرخەکانمان لە کەنەدا و ئوسترالیا راگەیاندووە".
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، لە 15ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، نرخی پلانی (Essential) کە ریکلامی تێدایە، بە بڕی یەک دۆلار زیاد دەکات و دەبێتە 8.99 دۆلار بۆ مانگێک. هەروەها نرخی پلانی (Premium) کە بێ ریکلامە، بە بڕی یەک دۆلار زیاد دەکات و دەبێتە 13.99 دۆلار. هاوکات نرخی پلانە ساڵانەکانیش بەرز دەکرێنەوە، بەجۆرێک پلانی ساڵانەی (Essential) دەبێتە 89.99 دۆلار و پلانی (Premium) دەبێتە 139.99 دۆلار.
 
لە مانگی ئابدا؛ پاراماونت گرێبەستێکی حەوت ساڵەی بە بڕی 7.7 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای (TKO)، خاوەنی (UFC) و (WWE)، واژۆ کرد. بەپێی گرێبەستەکە، پاراماونت پڵەس دەبێتە ماڵی نوێی ستریمینگی رووداوەکانی (UFC) لە ئەمریکا.
 
ئێلیسن ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە دەزانین کە وەرزشە راستەوخۆکان هێزێکی گەورەن بۆ راکێشانی بەردەوامیی بینەر، زیادکردنی بەشداربووان و پاراستنیان".
 
جیا لە وەرزش، پاراماونت وەبەرهێنانی لە بەرهەمی درامی و فیلمیشدا زیاد کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، گرێبەستێکی تایبەتی چوار ساڵەی لەگەڵ برایانی دەفەر، دروستکەرانی زنجیرەی بەناوبانگی (Stranger Things)، بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرە واژۆ کردووە. هەروەها بەرهەمی ئۆرجیناڵی وەک (Tulsa King)، وەرزی نوێی (Landman) و وەرزی کۆتایی (Yellowjackets) بەشێکن لەو ناوەڕۆکانەی کە وەبەرهێنانیان تێدا کراوە.
 
لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، پاراماونت پڵەس 1.4 ملیۆن بەشداربووی نوێی بۆ زیاد بووە و کۆی گشتیی بەشداربووانی گەیشتووەتە 79 ملیۆن. داهاتی راستەوخۆی کۆمپانیاکە لە بەشی ستریمینگ گەیشتووەتە 2.1 ملیار دۆلار، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 17% زیادی کردووە. بەڕێوەبەری جێبەجێکار پێشبینی دەکات کە ئەم بەشەی کۆمپانیاکە لە 2026ـدا قازانج بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە