رووداو دیجیتاڵ
گاری ئۆڵدمان، ئەکتەری بەریتانی، ئاشکرای کرد، رۆڵی سیخوڕە دێرینەکە (جاکسن لامب) لە زنجیرەی (Slow Horses)، بووەتە بەشێک لە کەسایەتیی خۆی و بە "راستگۆترین کارەکتەری ژیانی پیشەیی" ناوی دەبات. ئۆڵدمان دەڵێت، دوای پێنج وەرز، کارەکە هێشتا "توانای سەرسوڕهێنانی هەیە، بێ ئەوەی راستگۆیی و گاڵتەجاڕییە تیژەکەی لەدەستبدات".
زنجیرەی (Slow Horses) یەکێکە لە بەرهەمە دیارەکانی (Apple TV+) لە جۆری درامای سیخوڕی و لە رۆمانەکانی نووسەری بەریتانی میک هیرۆنەوە وەرگیراوە. چیرۆکی باس لە کۆمەڵێک سیخوڕی بەریتانی دەکات کە دوای هەڵەی گەورە لە کارەکانیاندا، دوورخراونەتەوە بۆ بەشێکی فەرامۆشکراو بە ناوی (Slough House). سەرۆکی ئەم تیمە جاکسن لامبە، کە سیخوڕێکی پێشووی گاڵتەچی و ئالوودەی جگەرە و کحولە.
پاڵەوانێکی نائاسایی
ئۆڵدمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئۆنلایندا بۆ دەنگدەرانی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب، بە پێکەنینەوە باسی کارەکتەرەکەی دەکات و دەڵێت: "ئەو پیرێکی خەمۆکە، بەڵام لە هەموو ئەوانەی لە ژوورەکەدان زیرەکترە، بەردەوام چەند هەنگاوێک لەپێش ئەوانی دیکەوەیە". هەروەها ئاماژەی بەوەدا، چێژێکی تایبەت لە بینینی رۆڵی کەسێکی بێ فلتەر وەردەگرێت کە پابەندی هیچ یاسایەکی کۆمەڵایەتی نییە.
ئۆڵدمان دەڵێت: "جاکسن لامب کارەکتەرێکی ئازادکراوە، گرنگی بەوە نادات خەڵک چی لەبارەیەوە دەڵێن و هەرچی لە مێشکیدا بێت دەیڵێت، هەرچەندە قسەکانی تاڵ بن. ئەمە لە ژیانی راستەقینەدا رەنگە قورس بێت، بەڵام لە نواندندا زۆر خۆشە".
سەرسوڕهێنەریی دەقەکە
سەبارەت بەوەی چۆن هاوسەنگیی کارەکتەرەکە رادەگرێت بێ ئەوەی ببێتە خودی کارەکتەرەکە، ئۆڵدمان ستایشی دەقەکە دەکات و دەڵێت: "تۆ ناتوانیت لەو نووسینە باشتر بیت کە لەبەردەستتدایە. دەقەکە قیبلەنماکەیە و ئەکتەر ناتوانێت لێی لابدات". ئەو پێی وایە بوونی رۆمانەکان وەک سەرچاوە، وایکردووە زنجیرەکە دوای پێنج وەرز هێشتا بەهێز بێت و رێچکەی خۆی ون نەکات.
.jpg)
گاڵتەجاڕی وەک ئامرازێکی خۆپاراستن
ئۆڵدمان روونیکردەوە، رەفتارە توندەکانی لامب بێ ئامانج نین، بەڵکو بەشێکن لە پیشەکەی. "ئەو گاڵتەجاڕی وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی خۆی بەکاردەهێنێت. کاتێک گاڵتەیەک وات لێدەکات بێباک دەربکەویت، ئەوانی دیکە ناتوانن بتشکێنن یان لێت تێبگەن، ئەمەش هێزت پێدەبەخشێت".
ئاشکراشی کرد، لە لامبەوە فێری یەک شت بووە، بێباکی بەرامبەر رای خەڵک. "ئەوەی لەگەڵ خۆتدا راستگۆ بیت و رێگە نەدەیت بۆچوونی خەڵک بتلەرێنێت، خەسڵەتێکە کە زۆر سەرسامم پێی. لامب نایەوێت کەس حەزی لێبکات و هەوڵی پاساوهێنانەوە نادات".
.jpg)
نهێنییەکانی پشت کامێرا
ئۆڵدمان باسی کەشی پشت کامێرای کرد و گوتی، تیمەکە وەک خێزانێکی لێهاتووە. هەروەها ئاشکرای کرد، ئەو پاڵتۆیە کۆنەی بووەتە سیمبولی کارەکتەرەکە، رێزلێنانێکی بچووکە لە ئەکتەری کۆچکردوو پیتەر فاڵک لە رۆڵە ئەفسانەییەکەیدا (کۆڵۆمبۆ).
گوتیشی: "ساڵانێکی زۆرم بە جلوبەرگی ئاڵۆز و ماکیاژی چەندین کاژێرییەوە بەسەربردووە. ئێستا تەنیا پێنج خولەکم پێویستە بۆ لەبەرکردنی پاڵتۆکەی لامب. ئەمە دوای فیلمەکانی وەک (Hannibal) و (Darkest Hour) کە رۆژانە شەش کاژێر ماکیاژیان دەویست، زۆر ئاسوودەبەخشە".
.jpg)
داهاتووی زنجیرەکە
ئۆڵدمان دووپاتیکردەوە، وەرزی شەشەم بە تەواوی ئامادەیە و ئێستا کاری وێنەگرتن بۆ وەرزی حەوتەم دەستیپێکردووە. گوتیشی: "ئەم کارە بووەتە بەشێک لە ژیانم و تا رۆحی لامبی تێدا بمێنێت، بەردەوام دەبم".
لە کۆتاییدا بە پێکەنینەوە گوتی: "هەندێک جار گاڵتە لەگەڵ نووسەرەکە دەکەم و پێی دەڵێم: تەنیا دڵنیابە کە دیمەنی مردنەکەم دیمەنێکی مەزن دەبێت".
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ