رۆژین کەمپینی هاوکاریکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی راگەیاند

13-02-2023
پەسار فایەق
هونەرمەند رۆژین هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزە دەدات
هونەرمەند رۆژین هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزە دەدات
نیشانەکردن رۆژین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژین، هونەرمەندی باکووری کوردستان رایگەیاند، ئەوان لە ئازار و نائومێدییەکی زۆردا دەژین و کەمپەینی خوشک و برایانی راگەیاندووە بۆ دابینکردنی کرێی خانوو بۆ یەک ساڵ بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزە بی ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.
 
لەمبارەیەوە رۆژین، دوو ڤیدیۆی جیای بە کوردی و تورکی بۆ راگەیاندنی کەمپینەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستگرام بڵاوکردووەتەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداویشی راگەیاند، بە بەشداری ژمارەیەک خاوەنکار و هونەرمەند کەمپینەکەیان راگەیاندووە و کرێی یەک ساڵی خانوو بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە دابین دەکەن، بۆ ئەوەی لێقەوماوان بتوانن جارێکی دیکە ژیانێکی نوێ دەستپێبکەنەوە.
 
ئەو هونەرمەندە هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی بوومەلەرزەکە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان.
 
رۆژین ئۆلکەر، ئەکتەر و گۆرانیبێژ، لە ئەدەنا لە تورکیا لە دایکبووە، خاوەنی شەش ئەلبوومی گۆرانییە و لە سێ فیلمی سینەماییشدا وەک ئەکتەر بەشداربووە و لە 25 بەرهەمی شانۆییدا رۆڵیگێڕاوەو چالاکوانی بواری مافی مرۆڤە.
 
دوایین بەرهەمی ئەو هونەرمەندە گۆرانیی 'من ژ بیر نەکە' بوو کە لە رۆژی جیهانی ژناندا لە 9ـی ئازاری 2023 بڵاوکردەوە و ناوەڕۆکێکی ئەوینداری هەیە و باس لە هەستی جیابوونەوە دەکات و بە زمانی کوردی و تورکی گوتراوە.
 
ئەم بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی شەمی دریکەر و لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن ئەسمەرای، هونەرمەندی تورک بە تورکی گوتراوە و بە یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکان لە تورکیا هەژمار دەکرێت.
 
دوایین ڤیدیۆکلیپی ئەو هونەرمەندە لە 10 تشرینی یەکەمی 2021 بەناوی 'روژبونا تە پیرۆز بە' بڵاوکرایەوە کە لە تێکست و ئاوازی رۆژینە، موراد چۆراک کاری میوزیکی بۆ کردووە، کەمال باشبو دەرهێنەری تورک، کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و دیمەنەکانی لە ئیستەنبووڵ وێنەگیراون.
 
لە هەشتەمین رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان، گیانلەدەستدان لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە سەرووی 31 هەزار کەس.
 
بەگوێرەی دوایین ئامار کە کاژێر 12:07 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی شوباتی 2023 لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی بومەلەرزەکەی مەرەش لە 10 پارێزگادا 31 هەزار و 643 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئافاد، تائێستا 158 هەزار و 165 زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکەی مەرەش گوێزراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.
 
رۆژی دووشەممە، 06-02-2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر لە ژمارەیەک شاری باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریای دا.
 
بەو پێیەی هێشتا گەڕان بەدوای قوربانیانی بوومەلەرزەکەدا بەردەوامە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر بەرزببێتەوە.
 
هەروەها گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەشت هەزار و 500  کەسی تێپەڕاند، ئەەمەش بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەفتە نمایشی جلوبەرگی داکار. وێنە؛ AFP

داکار جیاوازتر لە پایتەختەکانی فاشن دیزاینەکانی لە نێو بەلەم نمایش دەکات

بیست و سێیەمین خولی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی داکار لە سێنیگال، بە شێوازێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراو بەڕێوەچوو؛ لەجیاتی هۆڵە داخراوەکان و رۆیشتن لەسەر فەرش، مۆدێلەکان لەسەر بەلەمی ماسیگران و لەنێو شەپۆلەکانی دەریادا جلوبەرگەکانیان نمایشکرد.