رووداو دیجیتال
قژی سپی بووە و تەمەنێکی لە نێو شیعر و زماندا بەڕێکردووە، لە رێوڕەسمێکدا وەک شاعیرێکی نوێخواز رێزی لێدەنرێت، ئەویش عەباس عەبدوڵڵا یوسف، نووسەر و شاعیری کوردە.
رێزلێنانەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 12ـی شوباتی 2024، بەناونیشانی 'ئەمەک و شانازی' لەلایەن بەشی وێژەیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەهاوکاری لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد سازکرا و ژمارەیەک لە نووسەران و هاوڕێیان شاعیر ئامادەبوون و چەپگە گوڵیان پێشکێشکرد.
فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەند و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، گۆرانییەکی تایبەت بە شاعیر ئامادەکردبوو و لە رێورەسمەکەدا پێشکێشیکرد.
سابیر رەشید، رەخنەگر و رۆماننووس، یەکێک لە هاوڕێکانی عەباس عەبدوڵڵا یوسفە و چەند بەسەرهاتێکی لە رێورەسمەکەدا گێڕایەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ناکرێت باس لە شیعری نوێخوازی کوردی بکرێت و ناوی عەباس عەبدوڵڵا نەیێت.
عەباس عەبدوڵڵا یوسف، بەرهەمەکانی بە ناوی ع. ع. یوسف بڵاوکردووەتەوە و لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو وەک شاعیرێکی نوێخواز ناسراوە و باس لە گرنگی زمان بۆ شاعیر دەکات و زمانی کوردی بە دەوڵەمەند دەبینێت و دەڵێت: "زمانی کوردی دەریایە".
عەباس عەبدوڵڵا یوسف، نووسەر و شاعیر لە 1950 لە هەولێر لە دایکبووە، دەرچووی پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە هەولێر تەواوکردووە، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە، بەرهەمە چاپکراوەکانی لە 1974 تاوەکو 2013 بڵاوکراونەتەوە و خاوەنی حەوت دیوانی شیعری و یەک کۆ چیرۆکە، بەناوەکانی 'ئاو' لە 1974، 'لم نیازمە' لە 1978، 'کلکی کتکی پرسیارە' لە 2007، 'ئۆدیسیۆس نێرە... یان مێیە؟' لە 2009، 'گەشتی پێنج پەنجە' لە 2011، 'کەری بۆریدان' لە 2011، 'نانۆ تاتۆ دەکەم' لە 2013 و کۆمەڵە چیرۆکی 'سۆفیا لۆرین بە هەوێداری' لە .2011
بە یەکەم کتێبفرۆش لە هەولێر دەناسرێت و لە 1977 پێشانگەیەکی تایبەت بە پۆستەری سیاسی لە هەولێر کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ