"Kingdom of the Planet" بە زیاتر لە 56 ملیۆن دۆلار دێتە نێو پێشبڕکێی فیلمەکانەوە

13-05-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Kingdom of the Planet of the Apes"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکوور بڵاوکرایەوە، فیلمی "Kingdom of the Planet of the Apes" هاتە نێو پێشبڕکێیەکە و بە کۆکردنەوەی زۆرترین داهات لە یەکەم هەفتەی پێشاندانیدا، لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا هات.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە بە کۆکردنەوەی 56 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا هات، پێدەچێت لەم مانگەدا رکابەرێکی بەهێزی فیلمەکان بێت لە سینەماکانی ئەمریکا و جیهاندا.
 
ئەم بەرهەمە نوێیە، سێیەم فیلمە زۆترین داهات لە یەکەم هەفتەی پێشاندانیدا لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور لە 2024ـدا بەدەستبێنێت، لە دوای هەردوو فیلمی "Dune: Part Two" و " Kung Fu Panda 4". 

 

 
هەفتەی رابردوو فیلمی "The Fall Guy" لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا بوو، لەم هەفتەیە داهاتێکی لاوازی هەبوو کە 13 ملیۆن و 700 هەزار دۆلارە و بەرەو ریزبەندی دووەم دابەزی.
 
لەم بەرهەمە کۆمێدییەدا رایان گۆسلینگ رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، داهاتی یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکووردا، 28 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
 

فیلمی "Challengers"ـی زندێیا، بە کۆکردنەوەی چوار ملیۆن و 700 هەزار دۆلار، توانی بەرگری لە مانەوەی لە ریزبەندی سێیەمدا بکات. داهاتی هەفتەی رابردووی حەوت ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بوو.
 

"Tarot" فیلمی ترسناکی کۆمپانیای "سۆنی سکرین گێمس"، بە کۆکردنەوەی سێ ملیۆن و 500 هەزار  دۆلار، لە ریزبەندی چوارەمی لیستەکەدا مایەوە و کۆی داهاتی لە ماوەی دوو هەفتەدا، 12 ملیۆن دۆلارە. 
 
ئەو بڕە داهاتە بە دەستپێکی باش بۆ فیلمێکی کەم بودجە هەژمار دەکرێت کە بتوانێت بێتە نێو پێشبڕکێ لیستی پێنج فیلمی پڕداهاتی ئەمریکای باکوور. بودجەی بەرهەمهێنانی هەشت ملیۆن و 250 هەزار دۆلارە.
 

فیلمی "Godzilla x Kong: The New Empire" کە چەند هەفتەیەک لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا بوو، بە کۆکردنەوەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، لە ریزبەندی پێنجەمدا مایەوە.
 
ئەم بەرهەمە فانتازی و ئەکشنە لە 29ـی ئاداری 2024 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە، داهاتی گەیشتووەتە 546 ملیۆن و 867 هەزار دۆلار. لەو داهاتە 188 ملیۆن و 67 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 358 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 80 ملیۆن دۆلاری بەدەستبێنێت، ئەمەش کەمێک لە داهاتی بەشی دووەمی زنجیرەی فیلمی "Dune" کەمتر بوو، کە 81.5 ملیۆن دۆلارە و وەک خاوەن زۆرترین داهاتی لە یەکەم هەفتە لە ئەمریکای باکوور لە 2024ـدا ناسێندرا بوو.
 

پێشبینی دەکرا "Godzilla x Kong: The New Empire" لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە ئەمریکای باکوور، بڕی 50 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنیت، بەڵام ئەو پێشبینییە تێپەڕاند و توانی لە سێ هەزار و 861 هۆڵی سینەمای ئەمریکا و کەندا، ئەو داهاتە زۆرە بەدەستبێنێت.
 
داهاتی فیلمی "Godzilla vs. Kong" لە 2021 لە ئەمریکای باکوور هاوشێوەی بەشە نوێیەکەی نەبوو، لە یەکەم هەفتەدا توانی 48.5 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، بەڵام لە هەمانکاتتدا ئەمە ژمارەیەکی گەورە بوو، چونکە لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوببووەوە و بینەرانی فیلم کەمتر روویان لە سینەما دەکرد.
 
فیلمی "Godzilla" لە 2014 بڵاوکرایەوە و داهاتی یەکەم هەفتەی 93.2 ملیۆن دۆلار بوو.
 
فیلمەکە باس لە رووبەڕووبوونەوەی دوو بوونەوەری زەبەڵاحی سەردەمانی پێشوو دەکات، لەلایەکی دیکەوە مرۆڤەکان رەچەڵەکە ئاڵۆز و پەیوەندییە نهێنییەکانیان لە دوورگەی کەللـەسەردا ئاشکرا دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەیوب عەلی میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ی رووداو بوو

ئەیوب عەلی و گارە سازکار بەرهەمێکی نوێیان بە ناوی (ئاڵای کوردستان) بڵاوکردەوە

هونەرمەند ئەیوب عەلی لەگەڵ هونەرمەند گارە سازکار نوێترین بەرهەمی خۆیان بەناوی (ئاڵای کوردستان) بڵاوکردەوە. ئەیوب عەلی دەڵێت، تێکستەکەی سادەیە بۆ ئەوەی منداڵان لەبەری بکەن و هەستی نەتەوەییان لا دروستبێت.