خانمە نووسەرێکی عەرەب لە رۆمانێکدا باس لە خەڵکی میزۆپۆتامیا دەکات

13-08-2025
سۆلین حەمەد ئەمین
نوورا محەممەد عەلی، رۆماننووسی سووری
نوورا محەممەد عەلی، رۆماننووسی سووری
نیشانەکردن نوورا محەممەد عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوورا محەممەد عەلی، رۆماننووسی عەرەب کە هاوژینەکەی کوردە، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، رێوڕسمێکی بۆ واژۆکردنی رۆمانە نوێیەکەی بە ناوی "غودیا، سليل النهرين" واتە "گودیا، نەوەی دوو رووبارەکە" سازکرد، تێیدا بە قووڵی باس لە مێژوو و کولتووری گەلانی میزۆپۆتامیا، بەتایبەتی کورد دەکات.
 
رێوڕەسمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی رۆمانەکە، رۆژی سێشەممە 12ـی ئابی 2025 لە دیمەشق بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک لە نووسەران، رۆشنبیران و خوێنەران ئامادەبوون. 
 
رۆمانەکە باس لە چارەنووسی هاوبەش و پێکەوەژیانی گەلانی نێوان هەردوو رووباری دیجلە و فورات دەکات.
 
نورا محەممەد عەلی، کە بەهۆی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ کوردێک، خۆی وەک "بووکی کوردان" دەناسێنێت، گرنگییەکی تایبەت بە کولتوور و مێژووی کورد دەدات.
 
نوورا محەممەد عەلی بە رووداوی راگەیاند: "لە نێوان بڵاوکردنەوەی رۆمانی یەکەم و رۆمانە نوێیەکەی، چوار ساڵە. من بە وردی لەسەر کولتوور، جلوبەرگ و شێوازی ژیانی کورد کۆڵیوەتەوە. دەمەوێت لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە بڵێم کە رژێمەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە یەکن و خاوەنی مێژوویەکی حەوت هەزار ساڵەی هاوبەشن".
 
ئەو نووسەرە جەختی لەوەش کردەوە، رۆمانەکە بانگەوازێکە بۆ پاراستنی ئەو بەها مرۆیی و کولتوورییە هاوبەشانەی کە گەلانی ناوچەکە پێکەوە دەبەستێتەوە.
 
"غودیا، سليل النهرين" دووەم بەرهەمی نورا محەممەد عەلییە. رۆمانی یەکەمی بە ناوی "يحدها نهر" واتە "رووبارێک بە تەنیشتییەوە" لە 2021 بڵاوکردەوە، کە ئەویش هەر گرنگیدان بوو بە چیرۆک و مێژووی ناوچەکە بە تێڕوانینێکی مرۆییانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە