رووداو دیجیتاڵ
ئۆرکێسترای سیمفۆنیی سلێمانی بە رابەرایەتیی هانس رۆتمان، مایسترۆی ناسراوی ئەڵمانی، دووەمین کۆنسێرتی ساڵی لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی پێشکێشکرد، تێیدا 64 ژەنیاری کورد، ئەڵمانی، جۆرجی و ئۆکراینی بەشداربوون.
کۆنسێرتەکە رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هەوادارانی میوزیکی کلاسیک بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین شاکاری میوزیکیی کوردی و جیهانی ژەنران.
هانس رۆتمان، رابەری ئۆرکێستراکە، سەبارەت بە ئاستی کۆنسێرتەکە بە رووداوی راگەیاند : "پێم وایە کارێکی ئاوارتە بوو. هیوادارم ئامادەبووان جێژیان لێ بینیبێت، چونکە هەستم کرد کە تەماشاوانان بە ئەڤینەوە گوێیان لەو کارە گرانە دەگرت کە ئێمە لێرە پێشکێشمان کرد".
یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم چالاکییە، بەرزکردنەوەی ئاستی میوزیکە لە کوردستان. بەرپرسێکی رێکخەران گوتی: "ئامانجێکی هەرە گەورە ئەوەیە کە رۆشنبیری و هونەری و میوزیکی بەرەو ئاستێکی باڵا و ئەکادیمی بەرزبکەینەوە و هیوایەک ببەخشین بە جەماوەری سلێمانی و کوردستان".
یەکێک لە ژەنیارە بیانییەکان کە بەشداریی لە کۆنسێرتەکەدا کردبوو لەبارەی کۆنسێرتەکە گوتی: "کارێکی باشمان ئەنجامدا. کەشێکی خۆش بوو لە کوردستان ئەو ئۆرکێسترامان ئەنجامدا. هەموو توانای خۆمان نیشاندا و هیوادارین ئامادەبووان بەدڵیان بووبێت".
یەکێک لە ژەنیارە کچەکانی ئۆرکێستراکە ئاماژەی بە ماندووبوونیان کرد بۆ گەیشتن بەو ئاستە و گوتی: "جێگەی خۆشحاڵییە، چونکە ماوەیەکی زۆرە ئێمە راهێنان دەکەین و ماندووبووین. هەست دەکەین ماندووبوونەکەمان بەری خۆی گرت. نزیکەی مانگ و نیوێکە راهێنان دەکەین و هەفتەی کۆتاییش هەموو رۆژێک راهێنانمان بوو".
ئامادەبووانی کۆنسێرتەکەش گوزارشتیان لە دڵخۆشیی خۆیان کرد. ساڤیا سابیر،خوێندکارە و لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوو و گوتی: "هەستێکی زۆر تایبەتە، من خۆم پسپۆڕی سێکتەری تەندروستیم، پێشتر بەشدارییم لە چالاکی پزیشکی کردووە، بەس ئەمەیان هەستێکی جیاواز و خۆشتر بوو. ئەمەش شاری شارانە، پێویستە کە ئەم ئۆرکێسترا جوانانەمان هەبێت".
هاوکات سارا نەورۆز کە مایکرۆبایۆلجیستە، لەبارەی کۆنسێرتەکە گوتی: "ئێوارەیەکی زۆر خۆش بوو کە لەگەڵ هاوڕێکانمان کۆبووینەوە. هەست دەکەم شتی وامان زۆر زۆر پێویستە. ئێمە چەند هاوڕێیەکی قوتابخانەین و هەموو ساڵێک دێین کە ئۆرکێستراکە دەکرێت".
منداڵێکیش بەناوی شافدا ئامادەی کۆنسێرتەکە بوو و گوتی: "من هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو... چونکە حەزم لە میوزیکەکە بوو".
ئینگرید هۆسمان، گەشتیارێکی سکۆتلەندییە و یەکێک لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە بوو و گوتی: "سەرەتا دڵخۆش نەبووم بە کارەکە، چونکە زۆر هاتووچۆ و دەنگە دەنگ هەبوو، بەڵام دواتر هۆڵەکە ئارام بوو و زۆر چێژم لێوەرگرت، چونکە یادگاری خۆشی بیرهێنامەوە".
ژەنیارانی ئۆرکێسترای سیمفۆنیی سلێمانی بەنیازن کۆنسێرتی داهاتوویان لە پێنجشەممەیەکی دیکەی 2025 ساز بکەن، بەڵام قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە رەنگە ببێتە رێگر لەبەردەم بەردەوامبوونی کارەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ