رووداو دیجیتاڵ
مێگن ترەینەر، گۆرانیبێژی پۆپی ئەمریکی، دوای دەیەیەک لە دەرکردنی یەکەم ئەلبوومی، بە سینگڵێکی نوێی بەناوی (Still Don't Care) گەڕایەوە، کە یەکەم بەرهەمی حەوتەمین ئەلبوومیەتی بەناوی (Toy with Me) و بڕیارە لە 24ـی نیسان بڵاوبکرێتەوە. هاوکات، گەشتێکی گەورەی کۆنسێرتەکانیشی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند.
پەیامێک دژی رق و کینەی ئۆنلاین
سینگڵی نوێی (Still Don't Care) لە ژیانی راستەقینەی خۆیەوە وەرگیراوە. ترەینەر بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند: "رق و کینەیەکی زۆرم لە هەموو جیهاندا دەبینی، بەڵام کاتێک دەستم بە بڵاوکردنەوەی وێنەی زیاتر لەبارەی گەشتی لەشجوانی و تەندروستیم کرد، رووبەڕووی رقی زیاتر بوومەوە، کە چاوەڕێی نەبووم".
گوتیشی: "بۆ کۆمێنتەکان زۆر بێتاقەت دەبووم و لە دڵی خۆمدا دەمگوت: خۆزگە ئەم هەستەم نەبووایە. خۆزگە هێندە دەسەڵاتم پێنەدابان".
ترەینەر روونیکردەوە، فەلسەفەی گۆرانی نووسینی لەسەر بنەمای "ئەو شێوازەیە کە خۆزگە بیری لێبکردایەوە". گوتیشی: "کاتێک گۆرانیی (All About That Bass)ـم نووسی، هەستم وا نەبوو. هەموو گۆرانییەکانم بۆ خۆشویستنی خود بەو شێوازەن. بەڵام کاتێک پێشکێشیان دەکەم و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی دیکە دەبینم، دەست دەکەم بە باوەڕکردن پێیان".
گۆرانیی (Still Don't Care) بەرهەمێکی پۆپی دەیەی هەشتاکانە و تیمی کۆرسی گرووپی (Pentatonix's Scott Hoying) بەشدارن تێیدا. هەروەها دایکی، براکەی و براژنیشی وەک کۆڕس بەشدارن، رەنگە تووندیی پەیامی گۆرانییەکە دژی رقی ئۆنلاین کەمێک نەرم بکەنەوە. لە بەشێکیدا ترەینەر دەڵێت: "دەتوانیت وردوخاشم بکەیت، بەڵام من شەوانە بە ئاسوودەیی دەخەوم".
ئەلبوومی (Toy with Me): گۆرانییەک بۆ منداڵەکانی
ترەینەر ئاشکرای کرد، ئەلبوومە نوێیەکەی چەند گۆرانییەکی بۆ خۆشویستنی خود، گۆرانی بۆ دەربڕینی تووڕەیی و گۆرانی بۆ خۆشەویستیی خێزان لەخۆدەگرێت.
بە پێکەنینەوە گوتیشی: "تاکە میوانەکانم لەم ئەلبوومەدا منداڵەکانمن، رایلی و باری، چونکە گۆرانییەکی جوانم بۆ نووسیون کە تاکە گۆرانیی هێواشە. ناوی (Little One)ـە و باسی ئەوە دەکات کە چەندە حەز دەکەم بەردەوام بە بچووکی بمێننەوە".
ترەینەر باسی لەوە کرد، کارکردن لەسەر ئەلبوومەکە هەشت مانگی خایاندووە و زۆر خۆی ماندوو کردووە. روونیشیکردەوە: "زیاد لە پێویست کارم کرد و جەستەم دەستی کرد بە نیشاندانی شتی سەیر. رۆژێک زمانیشم دەستی بە سووتانەوە کرد. پزیشکی ددان پێیگوتم: ئۆهـ، تۆ سترێست هەیە".
پرۆسەی نووسینی گۆرانییەکان قورس بووە. ترەینەر لەمبارەیەوە دەڵێت: "من بە گشتی لە یەک رۆژدا گۆرانییەک دەنووسم و تەواوی دەکەم، بەڵام هەریەک لە گۆرانییەکانی ئەم ئەلبوومە چەندین مانگی پێچوو تا تەواو بوون". هۆکارەکەشی کارکردنی بوو لەگەڵ چەندین هۆنراوەنووسی نوێ کە پاڵیان پێوەناوە بۆ ئەوەی باشترین بەرهەم پێشکێش بکات.
گەشتی کۆنسێرتەکانی (Get in Girl) لە 2026
ترەینەر گەشتێکی کۆنسێرتی لە ئەمەریکای باکوور بۆ 2026 راگەیاند، کە گرووپی ئایکۆن پۆپ وەک دەستپێک بەشدار دەبن.
گەشتی (Get in Girl) لە 12ـی حوزەیران لە کلارکستۆنی میشیگان دەستپێدەکات و لە 15ـی ئاب لە کیا فۆرومی لۆس ئەنجلس کۆتایی دێت. لەم گەشتەیدا سەردانی شارە گەورەکانی وەک تۆرۆنتۆ، نیویۆرک، شیکاگۆ، بۆستن، فیلادێلفیا، هیوستن، دێنڤەر، سیاتڵ و چەندین شاری دیکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ