نادیە دوای دابڕانێک لەگەڵ هونەرمەندێکی ئەفغانی دەردەکەوێتەوە

14-02-2024
پەسار فایەق
نادیە، هونەرمەندی کورد، لەگەڵ ئیحسان، هونەرمەندی ئەفغانی
نادیە، هونەرمەندی کورد، لەگەڵ ئیحسان، هونەرمەندی ئەفغانی
نیشانەکردن نادیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نادیە یاسین، یەکێک لە هونەرمەندە کوردەکانە و بۆ ماوەیەک لە کاری هونەری دوورکەتبووەوە و ماوەی دوو ساڵە دووبارە دەستی بە چالاکییە هونەرییەکانی کردووەتەوە و بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'یارام' بڵاودەکاتەوە.
 
'یارام' بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ ئیحسان، هونەرمەندی ئەفغانی و بە هەردوو زمانی کوردی و ئەفغانییە، تێکستی بەشە کوردییەکەی لەلایەن نادیە یاسین نووسراوە، بەشە دەرییەکەی لەلایەن شادکام نووسراوە و ئاوازی گۆرانییەکەیشی داناوە و دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن ئایلەر سوهێل کراوە.
 
لە 2023 ئەو هونەرمەندە بەرهەمێکی دیکەی دوێتی لەگەڵ ئیحسان، هونەرمەندی ئەفغانی بە زمانی دەری بڵاوکردەوە کە بەناوی 'سەنما' بوو، لە کەنەدا کاری میوزیک و تۆماری بۆ کراوە و لە تێکستی شادکامە.
 
ڤیدیۆکلیپی 'یارام' لە دەرهێنانی ئومێد نیکزادە و لە کاژێر 19:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی شوباتی 2024 لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بەناوی 'نادیە میوزیک' و هەژمارە تایبەتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە.
 
نادیە، لەبارەی ئەم بەرهەمە دوێتەی و کارکردنی لەگەڵ هونەرمەندێکی ئەفغانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هونەرمەند ئیحسان چەند جارێک داوای لێکردووە کارێکی هاوبەش پێکەوە بکەن، ئەویش رازی بووە و لە هونەرمەندە ناودارەکانی ئەفغانستانە. 
 
گوتیشی: "وەک مرۆڤ لە هەر شوێنێکی جیهاندا ژیان بکەین، وەک مرۆڤ یەک دڵمان هەیە، ئەو دڵەش دەڵێت، دەمەوێت خۆشەویستی ببەخشم و خۆشەویستیم پێببەخشرێت و هەمووان یەکدی لە جیهان قبووڵ بکەین، چونکە جیهان ماڵی هەموومانە". 
 
نادیە یاسین، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "خۆشحاڵم جارێکی دیکە بە بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرھەم بەناوی 'سەنەما' بە زمانی ئەفغانی -شێوەزاری دەری-، جیاوازتر دێمەوە خزمەتتان".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، 'سەنما' ناوێکی لێکدراوە و پێکھاتووە لە دوو وشەی، 'سەنە' واتا درەوشانەوە و 'ما'ـش واتا مانگ، کە پێکەوە مانای تریفەی مانگ دەبەخشێت.
 
لەبارەی ڤالانتاینەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پەیامی ئەو بەردەوام ئاشتی، ئارامی، لێبوردەیی و خۆشەویستییە، ئەمەش بە راستی لای ئەو مانای ژیان دەگەیێنێت. 
 
ئەو گۆرانیبێژە کوردە، بۆ ماوەیەک لە کاری هونەری دوورکەوتبووەوە و لەمبارەیەوە پێشتر بە رووداوی رایگەیاندبوو: "حەزم کردووە بەردەوام گرنگی بە خێزانەکەم بدەم، ئەو بەرپرسیاریەتییە لەلای من لە هەموو شتێکی دیکە بۆ من پیرۆزترین و گرنگترینە، ئێستا ئەو بەرپرسیاریەتییەم کەمتر بووەتەوە و دەتوانم دووبارە بگەڕێمەوە سەر ئەشقی منداڵیم کە هونەرە".
 
نادیە یاسین، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە ساڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی کوردستانی جێهیشتووە و زیاتر لە 30 ساڵە لە کەنەدا دەژی، 12 بەرهەمی هەیە، لەوانە ئەلبوومێکی گۆرانی بەناوی 'نیشتمان تۆم لەبیرە' کە لە حەوت تراکی گۆرانی پێکهاتووە و لە 2003 بڵاوکرایەوە، یەکێک لە تراکەکانی بەناوی 'شادم شادم و میسینگ یو'یە و بە زمانی ئینگلیزی گوتراوە.
 
ئەو هونەرمەندە چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'هۆی نێرگز' کە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە 2012 بڵاوکرایەوە، هەروەها گۆرانی 'بە تەنیام' لە 2014، 'ناژیم' لە 2016، 'دێ هندا بن' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە 2017 و 'Crazy' بە زمانی ئینگلیزی لە 2018 بڵاوکردەوە، جگە لە گۆرانیگوتن، وەک بەڕێوەبەری بانک کاری کردووە.
 
لە رێگەی هەردوو گۆرانی 'شادم شادم' و 'ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە' ناوبانگی پەیداکردووە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە